ئاگری نەورۆز لە شارەکانی رۆژهەڵات کرایەوە

:: PM:04:04:20/03/2017 ‌

ئاگری نەورۆز لە شارەکانی رۆژهەڵات کرایەوە و هاوڵاتیان نەورۆزیان کرد بە دەرفەتێک بۆ پێشاندانی شوناسی نەتەوایەتی و بەدەم بانگەوازی چالاکە ناوخۆییەکانەوە هاتن و بە جامانەوە بەشدار بوون.

ئێوارەی ئەمرۆ دووشەم 20ی ئادار/مارس لە سەرجەم پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەست کراوە بە کردنەوەی ئاگری نەورۆز و هاوڵاتیان بە گوڕەوە بەشداریاان لەو بۆنە نەتەوەییە کردوە.

نه‌ورۆز له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بووه‌ به‌ ده‌رفه‌تێك بۆ دیاریكردنی سنووره‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی كورد له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی حوكمڕان، ئه‌مساڵ كۆمه‌ڵێك چالاكی فه‌رهه‌نگی و سیاسی، هه‌ڵمه‌تێكیان به‌ڕێ خستووه‌ و نیازیان هه‌یه‌ سه‌ری ساڵی 2717ی كوردی به‌ "نه‌ورۆزی جامانه‌كان" ناو بنێن.

جامانه‌ له‌ مێژووی كورددا هێمای یه‌كگرتوویی و به‌گژداچوونه‌وه‌ی نایه‌كسانی و زۆردارییه‌، وه‌ك یه‌ك له‌ رێكخه‌رانی كه‌مپینه‌كه‌ ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، ئامانجیان له‌ هه‌ڵبژاردنی جامانه‌ زیندووكردنه‌وه‌ی مانا و په‌یامه‌كانیه‌تی بۆ یه‌كگرتن و بووژاندنه‌وه‌ی شوناس و به‌ها نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی كورده‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا.

وەک چاوەڕوان دەکرا کوردانی رۆژهەڵات بەدەم بانگەوازی هەڵمەتی جامانەکانەوە هاتون و زۆربەی هاوڵاتیان بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی و جامانەوە لەدەوری ئاگری نەورۆز کۆبونەتەوە.
























وشە - هیدایه‌ت جان