دوو هونەرمەندە هاوسەری كورد بۆ نەورۆز دیاران هەیە

:: PM:08:22:22/03/2017 ‌

هەریەك لە میوزیكژەن و هونەرمەندانی كورد نزار زێوێی و كەنار تەهای هاوسەری دوای كاركردنیان لە چەند بەرهەمێكدا، ئەوان كاریان لەسەر بەرهەمێكی نوێی میوزیكی كرد و دوای تەواوبوونی سەرجەم كارەكانی ئەمڕۆ چوارشەم بڵاویان كردووەتەوە و بۆ جەژنی نەورۆز كردیانە دیارییەكی تایبەت بۆ خەڵك.

نزار زێوێی لەو بارەوە بە"وشە"ی راگەیاند كە من و یار ناوی نوێترین بەرهەمی هونەریمانە كە بریتییە لە بەرهەمهێنانی پارچە میوزیكێكی نوێ كە گفتوگۆیەكی نێوان و من و یار و هەموو یار و دڵدارەكانە، لەگەڵ میوزیكژەن كەناری هاوسەرم بەیەكەوە بەئامێری میوزیكی تار و سێتار كارمان بۆ كردووە.

زیاتر گوتی، ئەو بەرهەمە لەكاری میوزیك و ئامادەكردنی خۆمە و لە ستۆدیۆی گرووپەكەمان گرووپی میوزیكی لوڕ تۆمار كراوە و لە سیناریۆ و دەرهێنان و وێنەگرتنی بڕیار جەبارەو لەگەڵ ستافە جوانەكەی ماندوونەناسانە كاریان كردووە بۆ سەركەوتنی ئەو بەرهەمە، سوپاسی ڕێبواری ئیعلام و كۆسار فەتاح دەكەم كە رۆڵێكی یەكجار گرنگیان هەبوو بۆ ئەنجامدانی ئەو كلیپە، هەورەها سوپاس بۆ سەرجەم ئەو هونەرمەند و ئەكتەرانەی بەشداربوون لە كلیپی ئەو بەرهەمە دەكەم. 

لای خۆیەوە كەنار بە"وشە"ی گوت، سەرجەم كارەكانی كلیپەكە تەواو بووە و ئەمڕۆ بڵاومان كردووەتەوە و دەیكەینە دیاری "وشە"و دیاری جەژنی نەورۆز بۆ سەرجەم گوێگرانی میوزیك، كاری مۆنتاژ و ڕەنگی دانیار نەبەز و كاری فلای كام ڕاز سەڵتە و كاری زەرب و دایرە و گۆزە جەنگین جەمال و كاری پیانۆ سەركەژ عوسمان كردوویانە و بەرهەمی گرووپی میوزیكی لوڕە. 

بڕیار جەبار دەرهێنەری كلیپی ئەو بەرهەمە بە"وشە"ی گوت، كاركردن بۆ كلیپكردنی بەرهەمێكی گۆرانی لەگەڵ كاركردن بۆ بەرهەمێكی میوزیكی جیاوازی هەیە، بۆ ئەو بەرهەمە میوزیكییە هەوڵمان داوە كە چركە بە چركە كار لەسەر میوزیكەكە بكەین و كارێك بێت تەواو لەگەڵ ئەو بەرهەمەدا بگونجێت و نوێگەری پێوە دیاربێت، هەریەك لە هونەرمەندان ڕێبوار و كۆسار بەشدارن تێیدا وەك میوزیكژەن. 

نزار زێوێی لەدایكبووی ساڵی 1982ەو بەرێوەبەری گرووپی میوزیكی لوڕە، خاوەنی چەندین ئاواز و ئامادەكاری میوزیكە بۆ هونەرمەندان، دوایین كاری هونەری بڵاوكراوەشی پارچە میوزیكێك بوو بە ناوی ڕەنگی ژیان.

بۆ بینینی كلیپەكە كلیك لەسەر ئەو ناونیشانە بكە: 


وشە/ شاخەوان شێخانی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل