بەرشەلۆنە پلانێكی نوێ بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ دیبالا دادەڕێژێ

:: AM:09:21:25/03/2017 ‌

رۆژنامەیەكی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە یانەی بەرشەلۆنە پلانێكی نوێی داڕشتووە بۆ ئەوەی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا بتوانێ گرێبەست لەگەڵ پاولۆ دیبالای هێرشبەری لاوی ئەرجەنتینی و یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی ئیمزا بكات.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: سەرۆكایەتیی یانەی بەرشەلۆنە گرێبەستكردنی لەگەڵ دیبالا كردووەتە كارەكانی یەكەمی وەرزی داهاتووی و بۆ ئەمەش هەموو كارێك دەكات تا ئەو ئامانجەی بپێكێ.

یانەی بەرشەلۆنە بەم دواییە هەوڵەكانی چڕتر و خێراتر كردووە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ دیبالا و یاریزانەكە خۆشی بڕیاریداوە كۆتای ئەم وەرزە ریزی یانەی یۆڤانتۆس جێبێڵێ و پێشیوایە باشترین یانە بۆ یاریكردن تێیدا یانەی بەرشەلۆنەیە.

لەلایەكی ترەوە یانەی یۆڤانتۆس ماوەیەكە هەموو هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی دیبالا، ئەو یاریزانەش خۆی رازی بووە بەم كارە، بەڵام داوایەكی هەیە و ئەویش ئەوەیە كە ئەگەر دەستەوارەیكی باشی ئاراستەكرا ئاسانكاری بۆ رۆیشتنی بكەن.

یانەی بەرشەلۆنە پێشتریش هەوڵی گرێبەستكردنی لەگەڵ دیبالا دابوو كاتێك لە ریزی یانەی پالێرمۆی ئیتاڵی یاریی دەكرد، بەڵام لە كۆتاییدا یانەی یۆڤانتۆس دۆخەكەی هەڵقۆستەوە و بە 32 ملیۆن یۆرۆ ئەو هێرشبەرە لاوەی ئەرجەنتینی هێنایە یانەكەیەوە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا كە ئەو پلانە نوێیەی یانەی بەرشەلۆنە دایڕشتووە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ دیبالا برێتییە لە ئاسانكاریكردن بۆ یانەی یۆڤانتۆس تا گرێبەست لەگەڵ یاریزانانی تیپەكەی راكیتیچ یان ئەندرێ گۆمێز یانیش خافیێر ماسكیڕانۆ بكات و لەبەرامبەریشدا دیبالا بۆ ریزی یانەكەی ببات.

بەگوێرەی زانیارییەكانیش پێشبینی دەكرێ نرخی دیبالا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا لەنێوان 80 تا 100 ملیۆن یۆرۆ بێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م