"لە بانكەكانی سلێمانی پارە نییە و ئەمە ستەمێكی گەورەیە لە خەڵك دەكرێت"

:: PM:10:54:04/04/2022 ‌

نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی دەستەی حەوت كەسیی بزووتنەوەكە، لە دیمانەیەكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر ئەو دۆخەی لە سلێمانی دروست بووە، باس لەوە دەكات كە وەزیری دارایی بەهۆی ئەو دۆخەی سلێمانی و نەبوونی پارە لە بانكەكان لە ماڵەوە دانیشتووە، دووپاتی كردەوە كە لە سلێمانی پارە لە بانكەكاندا نییە و دۆخی خەڵكی خراپە.
هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری دارایی دۆخی سلێمانی بوو
*وەك دەڵێن بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر بنەمای شەفافییەت دروست بووە، بۆچی راستییەكان بە هاووڵاتی و خەڵك ناڵێن؟

ئێمە راستیمان گوتووە و هەر لە سەرەتاوە كە بەشداری كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردسانمان كرد بۆ ئەوە بوو چاكسازی بكەین، لە ئۆپۆزسیۆنبوون دەكرێت زۆر رەخنە بگریت، بەڵام كە دەچیتە ناو پرۆسەكە دەكرێ چاكسازی راستەقینە بكەیت، بەڵێنی چاكسازیمان لە هەموو سێكتەرەكان پێ درا نەك تەنیا لە یەك سێكتەر، بەرنامەی چاكسازی فراوان بوو، لە سەرەتای كابینەكەدا پەتای كۆرۆنا هات، دواتر نرخی نەوت بۆ 10 دۆلار دابەزی، ئەمە گرفتی دروست كرد.

بەڵام بەداخەوە بەشێكی زۆر كەمی ئەو بەرنامەیە بۆ چاكسازی جێبەجێ كراوە، ئەوەی لە سلێمانی و لە هەولێر و ناوچەكانی تریش روو دەدات، پێویستە حكوومەت دەسەڵاتەكانی خۆی بەكار بێنێت و چاكسازییەكان بەپێی بەرنامە بكات ئەگەر بیەوێت، حكوومەتیش بەبێ بەرنامە دەزانین لەو بارەوە.

*وەزیری دارایی كە سەر بە بزووتنەوەكەتانە بۆچی راستییەكان لەسەر سلێمانی ناڵێت؟

كێشەكە لە سلێمانی و هەولێریش هەیە، بەشی زۆری پارەكە لە هەولێرە بۆیە هەولێر گرفتی زۆری نییە، ئەوەی لە سلێمانی دەگوزەرێت دۆخێكی خراپە، وەزیری دارایی ماوەی مانگ و نیوێكە دانیشتووە، هۆكارەكەیشی بۆ بانكی هەرێم لە سلێمانی دەگەڕێتەوە كە بەڕێوەبەرەكەی لەبەر هەندێك هۆكار لابرا، نەبوونی پارە لە بانك و هەموو داهاتەكان بەشێوەیەكی باش بۆ بانكەكە نەدەگەڕایەوە، لەبەر ئەوە لابرا، بەڵام دواتر خرایەوە شوێنی خۆی بێ ئەوەی وەزیری دارایی ئاگەدار بێت، ئەویش لە ماڵ دانیشت، ئەمە هەڵوێست وەرگرتن و گوتنی راستییە، خەڵكیش با بزانێت كە بێ هەڵوێست نین و راستییەكان دەڵێین.

*بزووتنەوەی گۆڕان ئەوی قبووڵە كە یاری بە خەڵكی سلێمانی دەكرێت؟

نەخێر بە هیچ شێوازێك ئەو دۆخەمان بەدڵ نییە كە بەسەر خەڵكی سلێمانیدا دێت، بۆ هیچ شوێنێكی تریش قبووڵمان نییە بۆ هەولێر و دهۆكیش، ئەو كاتەی كە نرخی نەوت دابەزی، مانگانە 350 ملیۆن دۆلار بۆ مووچە دەگەڕایەوە، ئێستەیش كە نەوت لە سەروو 100 دۆلارەوەیە هەر 350 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە، ئەمانە هەموو گەندەڵین، حكوومەتیش بەشێكی دەكەوێتە ئەستۆ لەوەی كە دەسەڵاتەكانی بەسەر هەموو ناوچەكاندا بەكار بێنێت.

*عەلی حەمەساڵح دەڵێت داهاتی سلێمانی ناگەڕێتەوە، حكوومەتیش بە روونی ئەوەی گوتووە، گۆڕان چی دەڵێت؟

بەڵێ ئەوە دەزانین، یەكێك لە كێشەكانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەیە كە داهاتی سلێمانی ناگەڕێتەوە، لە هەولێریش بەپێی پێویست نییە، ئەوەی روو دەدات پێمان وایە دوو ئیدارەییە، وەك سەردەمی دوو حكوومەتەكەیە، لە هەولێر و سلێمانی رێككەوتنێك لە نێوان یەكێتی و پارتیدا هەیە و بەپێی رێككەوتنەكە، پارتی لە هەولێر 57%ی داهات بە حكوومەت بدەن، یەكێتیش لە سلێمانی 43%، واتە بە هەردووكیان مووچە دابین بكەن، هەروەها 350 ملیۆن دۆلاریش لە داهاتی نەوت بۆ مووچە بێت، بەڵام ماوەیەك ئەو داهاتەیش وەك خۆی كۆ ناكرێتەوە، هۆكارەكەیش ململانێكەیە كە لە نێوان هەردوولا دروست بووە.

*بۆچی لە هەولێر كێشەی مووچە نییە، كەچی لە سلێمانی تا ئەمڕۆیش زۆرێك لە فەرمانبەران مووچەیان وەرنەگرتووە؟

خۆم یەكێكم لەوانەی كە تا ئێستە مووچەم وەرنەگرتووە، هی مانگی دوو، ئەوە راستییەكە لە بانكەكان پارە نییە، ئەمە ستەمێكی گەورەیە لە خەڵك دەكرێت، چونكە ئەو داهاتە داهاتی هاووڵاتییانە و بۆچی دەبێت حزب بیبات؟، ئەوەیش ئاشكرایە پارە لە بانكەكانی سلێمانی نەماوە و ئینكاری لێ ناكرێت، بەڵام حكوومەتیش دەبێت دەسەڵاتی هەبێت لەو دۆخەی سلێمانی هەموو داهاتەكان بگەڕێننەوە بۆ بانكەكان، نیگەرانی وەزارەتی داراییش لەوەدایە.

*بەڵام بۆچی وەزیری دارایی خۆی ئەو راستیانە ئاشكرا ناكات؟

هەر لە سەرەتای ئەم كابینەوە وەزیرەكەی ئێمە ئەوەی ویستووە كە داهاتی وەزارەتەكەی زیاد بكات، هەولی داوە درزی نێوان لایەنەكان كەم بكاتەوە و هەوڵی زۆری دا بۆ ئەوە و وەزیری دارایی كەوتە ژێر رەخنە و گلەیی بزووتنەوەی گۆڕان، كە دۆخی مووچەخۆر و خانەنشین و پڕۆژەكان و خەڵك بۆچی ئەوایە؟، هەوڵی وەزیری دارایی ئەوە بووە لەگەڵ یەكێتی و پارتی بە شێوەیەكی باش مامەڵە بكات، بۆ ئەوەی زۆرترین داهات بگەڕێتەوە خەزێنەی وەزارەت، بەڵام رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبوو.

*هۆكاری دانیشتن و دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری دارایی چی بوو؟، بۆچی بە ئاشكرا ئەمە بە خەڵك ناڵێن؟

هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری دارایی دۆخی سلێمانی بوو، ئەو بەڕێوەبەری بانكی هەرێمی لە سلێمانی لابرد، چونكە لە بانكەكان پارە و نەختینە نییە، باسی ئەوەیشی كردووە و لەسەر ئەوە نیگەران بووە، بەڵام بەداخەوە ئەو كە وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمە بە یەك چاو سەیری حكوومەتی كردووە لە خانەقینەوە تا زاخۆ، بۆیە بڕیاری لابردنی بەڕێوەبەری بانكی هەرێمی لە سلێمانی دا، دواتر بەڕێوەبەری بانكەكە دانرایەوە، بەڵام حكوومەت لەسەر ئەوەی هیچ قسە و هەڵوێستێكی نەبوو، لە كاتێكدا لادان و دانانەوە لە دەسەڵاتی وەزیری دارایی و حكوومەتە.

دیمانە/ هۆشیار عەلی


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل