بەرشەلۆنە تەنیا لەم حالەتەدا گرێبەست لەگەڵ دیبالا دەكات

:: AM:09:40:26/03/2017 ‌

بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بڕیاریداوە تەنیا لەیەك حالەتدا بۆ وەرزی داهاتوو گرێبەست لەگەڵ پاولۆ دیبالای ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی ئیمزا بكات.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: یانەی بەرشەلۆنە تەنیا ئەگەر نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی لەدەست بدات، لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ دیبالا دەكات.

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان بەم دواییە باس لەوە دەكەن كە یانەی چێڵسی ئینگلیزی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا بە دەستەوارەیەكی خەیالی دێتە پێشەوە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ نیمار، بەتایبەتیش كە ئەنتۆنیۆ كۆنتی راهێنەری یانەكە بەتواناكانی ئەو ئەستێرەیە سەرسامە.

لای خۆشییەوە یانەی بەرشەلۆنە بەهیچ شێوەیەك نیازی نییە دەستبەرداری نیمار بێت، بەڵام لەگەڵ پێداگیری ئەو ئەستێرەیە بۆ رۆیشتن هەوڵەكانی دەست پێ دەكات بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ دیبالا.

دیبالا لە یارییەكانی ئەم وەرزەدا لەگەڵ یانەی یۆڤانتۆس ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كردووە و لە خۆی بەشداریكردنی لە 32 یاریی لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكاندا، توانیویەتی 14 گۆڵ تۆمار بكات و 7 گۆڵی تریش بۆ هاوڕێكانی دروست بكات.

یانەی بەرشەلۆنە پێشتریش هەوڵی گرێبەستكردنی لەگەڵ دیبالا دابوو كاتێك لە ریزی یانەی پالێرمۆی ئیتاڵی یاریی دەكرد، بەڵام لە كۆتاییدا یانەی یۆڤانتۆس دۆخەكەی هەڵقۆستەوە و بە 32 ملیۆن یۆرۆ ئەو هێرشبەرە لاوەی ئەرجەنتینی هێنایە یانەكەیەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكانیش پێشبینی دەكرێ نرخی دیبالا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا بۆ وەرزی داهاتوو لەنێوان 80 تا 100 ملیۆن یۆرۆ بێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م