عه‌لی دۆڵه‌مه‌ری نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له فڕه‌نسا، له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ "وشه" باس له هۆكاره‌كانی سه‌ركه‌وتنی ئیمانوێل ماكرۆن بۆ سه‌رۆكی فڕه‌نسا و پێوه‌ندییه ئابووری، سیاسی، دیپلۆماسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، زانستی و ئه‌كادیمییه‌كانی نێوان كوردستان و فڕه‌نسا ده‌كات و پێی وایه، له پێنج ساڵی داهاتوودا پێوه‌ندییه‌كان زۆر پته‌وتر و به‌هێزتر ده‌بن. پێشبینیش ده‌كات ماكرۆن جارێكی تر سه‌ردانی هه‌ولێر بكاته‌وه.
بۆچی سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كوردستان خۆشحاڵ بوون به سه‌ركه‌وتنی ئیمانوێل ماكرۆن؟
له‌به‌ر چه‌ند خاڵێك، سه‌رۆك ماكرۆن له ساڵی 2017 چه‌ند مانگێك بوو سه‌رۆكی فڕه‌نسا بوو، توانی ئابڵۆقه‌ی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووریی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان تێكبشكێنێت دوای بانگهێشتكردنی شاندێكی كوردستان بۆ فڕه‌نسا. ئه‌وه‌ش وایكرد جارێكی تر كوردستان بگه‌ڕێته‌وه گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تی و بتوانێت په‌ره به پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی خۆی بدات، ئه‌وه زۆر گرنگ بوو بۆ كورد، ماكرۆن وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌نج ئه‌وه بۆ كوردستان بكات و نه‌یه‌ڵێت قه‌واره‌ی كوردستان تووشی كێشه ببێت و په‌راوێز بخرێت.
جگه له‌مه ماكرۆن پێوه‌ندییه‌كی زۆر دۆستانه‌ی هه‌یه له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كوردستان، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم و مه‌سروور سه‌رۆكی حكوومه‌ت، ئه‌وه‌ش پێمان ده‌ڵێ پێوه‌ندییه‌كان به‌هێزن. سه‌رۆك ماكرۆن پێوه‌ندیی به‌هێزی هه‌یه له‌گه‌ڵ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ده‌یه‌وێ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ ئاسایش و سه‌قامگیری بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌و ئاسایش و سه‌قامگیره‌ش بێ كوردستان مه‌حاڵه، كوردستان توانی ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌بێت له تێكشكاندنی داعش، داعش له عێراق و سووریادا كۆتایی نه‌هاتووه، بۆیه پێویستیان به هه‌رێمی كوردستان هه‌یه.
ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته ماری لۆپێن ڕكابه‌ره‌كه‌ی ماكرۆن سه‌ربكه‌وتایه كه ڕاستڕه‌وێكی توندڕه‌وه و دژی مافی په‌نابه‌رانه، ده‌یویست هه‌موو ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی له وڵاته‌كه‌ین بیانگه‌ڕێنێته‌وه وڵاته‌كه‌ی خۆیان، ئه‌مه‌ش كێشه‌ی گه‌وره‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق دروست ده‌كرد، ژماره‌یه‌كی زۆر له په‌نابه‌رانی كورد و عێراقی له فڕه‌نسادان و مافی نیشته‌جێبوونیان نییه، ئه‌و ده‌یگوت له سه‌ركه‌وتنم هه‌موو ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی مافی نیشته‌جێبوونیان نییه، ده‌یانگه‌ڕێنمه‌وه بۆ وڵاته‌كانیان، ئه‌وه‌ش ده‌بووه كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و دیپلۆماسی، ئه‌و هیچ پێشبینییه‌كی نه‌بوو بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌وه‌ش ئه‌و خاڵانه بوون كورد خواستی له‌وه بوو ماكرۆن سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێته‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی پێنج ساڵی ئاینده، له‌لایه‌كی تریشه‌وه ماكرۆن شاره‌زایی و ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ كورد هه‌یه.
پێوه‌ندییه‌كانی پێنج ساڵی داهاتووی كوردستان و فڕه‌نسا به‌ره‌و كوێ ده‌چن؟
ماكرۆن چه‌ندان جار سه‌رۆكی هه‌رێمی بانگهێشتی سه‌رۆكایه‌تیی وڵاته‌كه‌ی كردووه، خۆیشی سه‌ردانی كوردستانی كردووه كه زۆر گرنگ بوو، وڵاتێكی زلهێزه و ئه‌ندامی هه‌میشه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشه و خاوه‌نی مافی ڤیتۆ و چه‌كی ئه‌تۆمییه، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی وه‌ك مه‌رجه‌عی باڵای كورد كۆ بووه‌ته‌وه و هه‌ر له رابردوودا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكوومه‌ت و په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌ی هه‌بووه كه زۆر گرنگه. له پێنچ ساڵی ئاینده‌دا ده‌توانین كار بكه‌ین و پێوه‌ندییه‌كانی خۆمان له‌گه‌ڵ فڕه‌نسا زیاتر به‌ره‌وپێش ببه‌ین، نه‌ك ته‌نیا بواری دیپلۆماسی، به‌ڵكو له بواره‌كانی ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، ڕۆشنبیری، ئه‌كادیمی و زانستی په‌ره پێ بده‌ین، كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر هێنانی چه‌ندان كۆمپانیای فڕه‌نسی تا كار له كوردستان بكه‌ن، له كابینه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمدا بواره‌كانیان بۆ ره‌خساوه و پێشتریش كۆمپانیاكانی فڕه‌نسا رۆڵیان هه‌بووه.
ده‌كرێ چاوه‌ڕێ بین شاندی باڵای كوردستان سه‌ردانی ئه‌و وڵاته بكات، سه‌رۆك ماكرۆنیش جارێكی تر بێته‌وه كوردستان
هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ زیاتر پێشخستنی پێوه‌ندییه‌كانی كوردستان و فڕه‌نسا، ده‌كرێ چاوه‌ڕێ بین شاندی باڵای كوردستان سه‌ردانی ئه‌و وڵاته بكات، سه‌رۆك ماكرۆنیش جارێكی تر بێته‌وه كوردستان و به‌مه‌ش پێوه‌ندییه‌كان ده‌ڕواته قۆناغێكی تر له هه‌موو بواره‌كاندا.
ماكرۆن پاش هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی به سه‌رۆكی فڕه‌نسا دێته‌وه هه‌ولێر؟
به‌بڕوای من به‌ڵێ سه‌رۆكی فڕه‌نسا دێته‌وه كوردستان، كوردستان و عێراق گرنگن، كات دیاری نه‌كراوه بۆ ئه‌و سه‌ردانه. ئێسته بووه‌ته‌وه به سه‌رۆك و به‌رنامه‌ی خۆی هه‌یه، مانگی حوزه‌یرانیش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی فڕه‌نسایه، زیاتر سه‌ردانه‌كانی بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌بێت له‌مساڵدا، ئێسته یه‌كێك له كێشه‌كانی فڕه‌نسا و وڵاتانی ئه‌وروپا شه‌ڕی ڕووسیا و ئۆكراینایه، به‌ڵام له داهاتوودا ماكرۆن سه‌ردانی كوردستان و عێراقیش ده‌كات.
شه‌ڕی ئۆكرانیا و ڕووسیا كاریگه‌ریی هه‌بوو له‌سه‌ر گه‌لی فڕه‌نسا تا ماكرۆن هه‌ڵبژێرنه‌وه؟
مه‌ترسیی زۆر گه‌وره هه‌بوو ڕكابه‌ره‌كه‌ی ماكرۆن بیباته‌وه كه پێوه‌ندیی به‌هێزی له‌گه‌ڵ ڕووسیا و پوتین هه‌بوو، ئه‌وه‌ش وایده‌كرد نه‌توانێ هه‌موو سیاسه‌تی خۆی دژی ڕووسیا به‌كار بهێنێت، فڕه‌نسا و ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپی سزای ئابوورییان خستووه‌ته سه‌ر ڕووسیا، شه‌ڕه‌كه له ئه‌وروپا خۆیدایه، شه‌ڕ له به‌رده‌م ده‌رگای ئه‌وروپایه و له‌وانه‌یه وڵاتانی فینله‌ند و سویدیش بگرێته‌وه كه ده‌یانه‌وێت له ناتۆ ببنه ئه‌ندام، ئه‌وه‌ش وایكرد گه‌لی فڕه‌نسا ماكرۆن هه‌ڵبژێرنه‌وه.
بۆ ده‌وڵه‌ت و گه‌لی فڕه‌نسا و هه‌موو دنیا گرنگ بوو ماكرۆن ببێته‌وه به سه‌رۆك كۆمار، به‌و حوكمه‌ی ڕكابه‌ره‌كه‌ی ڕاستڕه‌وێكی توندڕه‌و بوو و دژی پره‌نسیپه‌كانی مافی مرۆڤ و پێكه‌وه‌ژیان كاری ده‌كرد، سه‌ركه‌وتنی ده‌بووه كێشه‌یه‌كی گه‌وره له ناوخۆی فڕه‌نسا و هاوپه‌یمانه‌كانی فڕه‌نسا، ئه‌مڕۆ فڕه‌نسا به‌ته‌نیا ناتوانێ ئه‌و قورساییه‌ی هه‌بێت به‌بێ یه‌كێتی ئه‌وروپا، چونكه زلهێزی زۆر گه‌وره هه‌ن وه‌ك ڕووسیا، چین، ئه‌مه‌ریكا و به‌ڕازیل، بۆیه سه‌ركه‌وتنی ماكرۆن په‌یامی گه‌لی فڕه‌نسا بوو كه فڕه‌نسا ده‌یه‌وێت پێوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانی په‌ره پێ بدات، هاوكات سه‌ربكه‌وێت به‌سه‌ر كێشه‌كان، له سه‌روویانه‌وه په‌تای كۆرۆنا و شه‌ڕی ڕووسیا و ئۆكراینا.
هه‌ڵه‌بجه / عه‌زیز هه‌ورامی