ماڵپه‌ڕێكی تایبه‌ت به‌ شیعری زاراوه‌ی كرمانجی سه‌روو كرایه‌وه‌

:: PM:04:17:26/04/2022 ‌
كه‌من ئه‌وانه‌ی خه‌می ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردی و ناوچه‌كه‌یانه‌، به‌تایبه‌ت له‌ سه‌رده‌می جه‌نجاڵی و هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی ته‌كنه‌لۆجیا و نه‌مانی كاغه‌ز كه‌ ئیتر شیعر و ئه‌ده‌ب بوونه‌ته‌ شتێكی له‌بیركراو. نووسه‌رێكی ناوداری كورد ماڵپه‌ڕێكی تایبه‌تی شیعری به‌ زمانی كوردی به‌ زاراوه‌ی به‌ كرمانجی سه‌روو ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌م 26ی نیسان، ئه‌مین بۆتانی نووسه‌ر و خاوه‌نی بیرۆكه‌ی پێگه‌ی (باڕه‌نگ) له‌باره‌ی زیاتری پڕۆژه‌كه‌یانه‌وه‌، به‌ "وشه‌"ی گوت، "له‌به‌رئه‌وه‌ی ساڵانێكه‌ ماڵپه‌ڕ و پێگه‌ وێژه‌ییه‌كان و به‌تایبه‌تی شیعر و تێكستی ڕژد و داهێنانی شیعری به‌گشتی، به‌هۆی میدیا و كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن و بازاڕگه‌رمی هه‌واڵ و زانراوه‌كان خه‌ریكه‌ نامێنێ، به‌ كرمانجی سه‌روو له‌ بادیناندا ده‌توانین بڵێین هه‌ر نییه‌، بۆیه‌ ماوه‌یه‌ك بوو بیرم له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ و به‌ئاواته‌وه‌ بووم پێگه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ شیعر هه‌بێ، له‌ ناچاریدا خۆم بڕیارم دا ئه‌وه‌ بكه‌م".

له‌باره‌ی هه‌نگاوه‌كانی تری ئاماژه‌ی كرد، "بڕیارمان داوه‌ كه‌ به‌پێی توانا تێكستی ڕژدی شیعری له‌م پێگه‌یه‌ بڵاو بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ناومان نا (باڕه‌نگ). عیسا بۆتانی كه‌ خۆیشی شاعیر و نووسه‌ر و دیزاینه‌ر و گه‌نجێكی چالاكه‌، ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی ئاماده‌ كرد و وه‌ك ته‌كنیك و ئه‌دمین هه‌ر خۆی به‌ڕێوه‌به‌ری باڕه‌نگه‌، ئێسته‌ ئیتر به‌ره‌به‌ره‌ به‌ هاوكاری شاعیران و نووسه‌ران، هه‌وڵ ده‌ده‌ین ده‌وڵه‌مه‌ندی بكه‌ین و خزمه‌تی ئه‌ده‌ب و شیعر و پرۆسه‌ی داهێنانی پێ بكه‌ین."

"له‌به‌رئه‌وه‌ی بۆشاییه‌ك هه‌یه‌ له‌ ڕووی نه‌بوونی پێگه‌ی تایبه‌ت به‌ شیعر و جگه‌ له‌ كاریگه‌ریی میدیا و ته‌كنه‌لۆجیا، فه‌یسبووكیش ئه‌و بواره‌ی زیاتر ته‌سك كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر تێبینی بكرێ شاعیران خۆشیان هه‌ر له‌ فه‌یسبووكه‌كه‌ی خۆیان به‌رهه‌مه‌كانیان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، پاشه‌كشه‌یه‌كی گه‌وره‌ هه‌یه‌، كاغه‌زیش به‌هۆی هه‌ژموونی ته‌كنه‌لۆجیا و پێگه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان خه‌ریكه‌ به‌ ته‌واوی نامێنێ، وێبسایده‌كانیش خه‌ریكه‌ به‌ ده‌ردی كاغه‌ز ده‌چن". ئه‌مین بۆتانی نووسه‌ر وای گوت.

بۆتانی ڕوونی كرده‌وه‌، "بۆیه‌ ئێمه‌یش دوای له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و دۆخه‌ به‌باشمان زانی ماڵپه‌ڕی (باڕه‌نگ) له‌ فه‌یسبووك بكه‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی شیعر له‌ خوێنه‌ر دانه‌بڕێ و كارلێكی نێوان ده‌قی شیعری و خوێندنه‌وه‌ ئه‌كتیڤ و چالاك بێ، بێجگه‌ له‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ خه‌یاڵمدایه‌ ئه‌وه‌یه‌ شیعریش وه‌ك تێكستی ڕژدی و داهێنان له‌و جه‌نجاڵی و قه‌ره‌باڵغییه‌ ده‌ربهێنرێ و باڕه‌نگ ببێته‌ پلاتفۆرمێك بۆ داهێنان و ده‌قی ڕژد و قووڵ، هیوادارم بتوانین خزمه‌ت به‌ پرۆسه‌ی نووسین و داهێنان و دنیای شیعر بكه‌ین له‌ كوردستان به‌ گشتی و به‌ تایبه‌ت له‌ ده‌ڤه‌ری بادیناندا."

ئه‌مین بۆتانی، یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌دیب و نووسه‌ره‌ ناسراوه‌كانی كورد، شاعیرێكی لێهاتوویشه‌ و زۆربه‌ی گۆرانییه‌كانی گۆرانیبێژ حه‌سه‌ن شه‌ریف تێكسته‌كانی هی ئه‌ون، خاوه‌نی بیرۆكه‌ی پێگه‌ی (باڕه‌نگ)ـه‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی ئاینده‌دا بكه‌وێته‌ كار، ده‌بێته‌ یه‌كه‌م ماڵپه‌ڕی تایبه‌تی شیعری به‌ زمانی كوردی به‌ زاراوه‌ی به‌ كرمانجی سه‌روو.




وشە - محەمەد میران