هاندەرانیش ڤاکسینێکیان گەرەکە!

:: AM:12:13:28/04/2022 ‌
ئاراس رواندزی

ئاژاوەگێڕیی جەماوەر لە یاریگەکان رەگ و ریشەیەکی دوورو درێژی هەیە، دەکرێ بڵێین لەوەتەی تۆپی پێ لەدایکبووە، ئەم دیاردە قێزەونەش وەک میوانێکی ناشیرن و رەزاقورس جارجارە دەرکەوتووە، بەهۆیەوە زۆر جار چیرۆکی جەرگبڕیشمان بینیووە یان بیستووە، بۆیە دەتوانین بڵێین مێژووی ئاژاوەگێڕی هاوتایە لەگەڵ دەستپێکی جیهانی تۆپی پێ.
 
هەفتەی پێشوو یاریگەی زاخۆ بووە مەیدانی نیشاندانی قێزەونترین و تراژیدیترین دیمەن، بەشێک لە هاندەرانی یانەکە بە هۆکاری دۆڕانی تیپەکەیان رژانە نێو یاریگە و هێرشیان کردە سەر یاریزانەکانیان، بەشێکیشیان لە پەیژەکانەوە خەریکی شێواندن و شکاندنی کورسییەکانی ئەو یاریگە نێودەوڵەتییە بوون، کە رۆژانێک خەونیان بە بنیاتنانیەوە دەدی! 

لە یاریگەی فرانسۆ هەریریش لە یاریی هەولێر و زەوڕا کاتێک ناوبژیوان گۆڵێکی تیپی میوانی بە بیانووی ئۆفساید رەتکردەوە، بەشێک لە جەماوەری هەولێر لە پای خۆشیی دەربڕین، دەبەی ئاویان گرتە یاریزانانی زەوڕا و لایمەن!!! 

راستی بینینی ئەو دیمەنە و ئەوانەی یاریگەی زاخۆ بۆ من شۆکێکی گەورە بوو، تا ئێسته‌ش نازانم هۆکاری ئەو کاردانەوە ناشارستانیانە چی بوون؟!

 من تێناگەم بەشێک لە هاندەرانمان بۆچی ئاستی رۆشنبیریان بەو ئەندازە لاوازە؟ ئاخر جەماوەری هەولێر ( لێرەدا مەبەستم لە بەشێکیانە کە کەمینەن) تۆ ئەگەر تیپەکەشت بدۆڕێ، کە هێشته‌ ئەوە پاساو نییە بۆ کاری ئاژاوەگێڕی، دەڵێین هۆکارێکت لەبەر دەستە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە، لێ کاتێک یانەکەت براوەبێ و تۆش دەبە بگریتە یاریزانانی میوان و جوانییەکانی یاریگە و کایەکە بشێوێنێ، یاخود کاری تێکدەرانە ئەنجامبدەی، بەخوا ئەوەیان جگە لە گەمژایەتی و ئەوپەڕی لاوازی ئاستی رۆشنبیری، هیچ شیکردنەوەیەکی تر هەڵناگرێ!
 
ئینجا جەماوەری هەولێر و زاخۆ تەنیا بەو کارانە نەوەستاون و لە هاوردەکردنی بیرۆکەی نایاب بەردەوامن، دواترین داهێنانیشیان لێدانی لێزەرە لە چاوی گۆڵچی و یاریزانانی تیپی میوان، لە یەکێک لە گرتە ڤیدیۆییەکانی یارییەکەی زاخۆ بینیم لێزەرەکان بە ئەندازەیەک زۆر بوون، تیشکەکانی لە زەوی هاوشێوەی تۆڕی جاڵجاڵۆکە بوون! تەقاندنی یاریە ئاگرینیەکانیش کە لە بنەڕەتدا بەکارهێنانی بەو شێوەیە رێپێدراو نییە، هاوشێوەی دەبە و لێزەر بووه‌تە تەواوکاری ئەو تابلۆ ناشیرینە کە هاندەرانمان لە یاریگەکان دەینەخشێنن. 

لێرەدا گرنگە پۆلیسی بەردەرگەی یاریگه‌کان رۆڵی باشتر بگێڕن، پێویستە هەموو هاندەرێک بە پشکنینێکی ورددا بڕوات و رێگە نەدەن لێزەر و دەبەی ئاو و یارییە ئاگرینەکان دەربازی ژوورەوە بێت. 

دیارە پێشتر لە رێگەی وتارەکانمەوە هۆکارەکان و میکانیزمەکانی بنبڕکردنی ئەو دیاردەم خستۆتەڕوو، هەروەها هاوپیشەکانیشم بە ئەندازەی جیاواز لە رێگەی نووسین و راپۆڕتەکانیان هەوڵی هوشیارکردنەوە و بنبڕکردنی ئەو دیاردەیان داوە، بەڵام مخابن ساڵ بە ساڵ دیمەنەکان وەک درامایەکی قێزەون و دووبارە خۆی نیشانمان دەداتەوە، ئێسته‌ش من لە دۆزینەوەی چارەسەری ئەو پەتا کوشندەیە بێ ئومێد بوومە و لەم بارەوە چیتر توانا و خولیای نووسینم نەماوە، بۆیە داواکارم زانایانی بواری پزیشکی بێنە مەیدان، بەڵکو هاوشێوەی ڤاکسینی کۆرۆنا کە مرۆڤایەتی دەرباز کرد، ڤاکسینێکیش بدۆزنەوە و لە جیاتی بەرزکردنەوەی بەرگریی لەش، تۆزێک ئەقڵ و ئاستی رۆشنبیری گێرەشێوێنەکانی کوردستان بەرز بکاتەوە!


وشە - وشه‌