لە ماوەی دوو رۆژی جەژندا نۆ منداڵ و دوو گەنج لە ئاودا خنكاون

:: PM:05:45:03/05/2022 ‌

خەریكە تەنگژە جیاجیاكانی عێراق كاردانەوەی مەترسیداری لەسەر دەروون و لایەنی كۆمەڵایەتی خەڵكەوە زیاد دەبێت، رۆژانە گوێبیستی چەندان حاڵەتی كوشتن و خۆكوشتن و مردن بەهۆی رووداوی نائاسایی و ئاسایی دەبین، جیا لە چەندان كاری سەركێشی و توندوتیژی دەگمەن، ئەمڕۆ لە دووەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا لە شارۆكەی حەمام عەلیل سێ منداڵ خنكان.

سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای نەینەوا رای گەیاند كە ئەمڕۆ سێشەم سێ منداڵ خەڵكی شارۆكەی حەمان عەلیل لە ئاوی رووباری دیجلەدا خنكاون.

شایەنی باسە دوێنێ دووشەم یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان لە شاری فەلووجە لە پارێزگای ئەنبار شەش منداڵ لە ئاوی رووباری فورات خنكان، ئەوەیش دوای ئەوەی یەكێكیان كەوتبووە ئاوەكەوە و ئەوانیتر بەدوای یەك هەوڵی رزگاركردنیان دابوو.

كاتێك كچێك لە ناوچەی نعێمییە لە باشووری شاری فەلووجە كەوتە ناو ئاوی رووباری فورات و بەو هۆیەوە ژمارەیەك منداڵ كە لەوێ بوونە، هەوڵی رزگاركردنیان داوە و خۆیان هەڵداوەتە ناو رووبارەكە و شەشیان گیانیان لەدەست داوە، كچەكە و دوو برای و سێ منداڵی تر، هەر دوێنێ لە پارێزگای سەڵاحەدین لە دەوروبەری شاری سامەڕا، دوو گەنج لە كاتی مەلەكردن لە رووباری دیجلە خنكان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل