هەندێك تووشبووانی كۆرۆنا مێشكیان 20 ساڵ پیر بووە

:: PM:11:12:03/05/2022 ‌

تا ئێستەیش توێژینەوەكان لەبارەی كاریگەرییەكانی پەتای كۆرۆنا لەسەر جەستە و مێشك و دەروونی مرۆڤ بەردەوامە، توێژینەوەیەكی نوێ گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە ئەو نەخۆشانەی توانیویانە بەسەر تووشبوونی سەختی نەخۆشییەكەدا زاڵ ببن، تا چەند مانگێك بەدەست لاوازی هۆشیاری و درككردنەوە دەناڵێنن، كە مرۆڤ لە نێوان 50 بۆ 70 ساڵ تووشی دەبێتەوە.

تیمی زانایان لە زانكۆی كامبرێج و ئیمپریال كۆلێج لە لەندەن دەڵێن، واتە لەدەستدانی 10 خاڵ لە تاقیكردنەوەی زیرەكی گشتی بەهۆی نەخۆشییەكەوە، ئەنجامی توێژینەوەكە ئاماژەی كردووە كە كاریگەریی پەتاكە تا دوای شەش مانگ لە چاكبوونەوە دەمێنێت، چاكبوونەوەی پێوەست بە مێشكیش لە باشترین حاڵتەكانیدا بە هەنگاو دەبێت، تەنانەت بۆ ئەوانەیشی تووشی حاڵەتی تووشبوونی سووك هاتوونەتەوە.  

بەڵگە هەیە بەوەی تووشبوون بە كۆرۆنا مرۆڤ تووشی كێشەی تەندروستی پێوەست بە مێشك و هۆشیاربوونەوە دەكات، بە شێوەیەك تا ئێستە نەخۆشانی چاك بوونەتەوە، تا دوای چەند مانگێك بەدەست چەند نیشانەیەكەوە دەناڵێنن.

زانایان لەبارەی هەندێك لەو نیشانانە دەڵێن، لەوانە ماندووبوون و لێڵی بیركردنەوە و مێشك و كێشە لە لەبیرهاتنەوە و قسەكردن و نوستن و رارایی و هیتریش، لەو كاتەی توێژینەوەیەكی پێشتر لە بەریتانیا باسی ئەوەی كردبوو كە یەكێك لە حەوت تووشبووان باسی ئەوەیان كردووە كە دوای 12 هەفتە لە تووشبوون، كێشەی زەحمەتی درككردنی شتەكانیان هەبووە، سێ لەسەر چواری نەخۆشانیش ئاماژەیان كردووە كە دوای شەش مانگ لە تووشبوون تا ئێستەیش ئەو كێشەیان هەیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل