لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا زۆرترین كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان لە لایەن چەكدارانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بوونەتە قوربانی، زۆربەشیان بە شێوەی تەقەی راستەوخۆ كراونەتە ئامانج و كوژراو و یان بریندار كراون، ئەمە جگە لەوەی نزیكەی 40 كورد لە شارەكانی رۆژهەڵات لە لایەن رژێمی ئێرانەوە گیراون و رەوانەی زیندانی كراون و سزایان بەسەردا سەپێندراوە.
بە گوتەی حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی ئێران، دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بە تەواوەتی كەوتووەتە گیانی هاووڵاتییانی كورد، ترسێكی زۆری هەیە لەوەی ئەو گۆڕانكارییانەی كە روودەدەن، ئێران یەكێك بێت لەو وڵاتانە و بەهۆیەوە كوردیش مافی خۆی وەربگرێت، لەگەڵ ئەوەیشدا خەڵكی وڵاتەكە بۆ دۆخێكی خراپیی دارایی و ئابووری تێپەڕدەبێت.
لەو بارەوە ئەرسەلان یارئەحمەد، سەرۆكی رێكخراوی هەنگاو بە "وشە"ی راگەیاند، بە پشتبەستن بە ئاماری تۆماركراو لە رێكخراوی هەنگاو لە ماوەی مانگی نیسانی ئەمساڵ، لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە لایەن رژێمی ئێران و ناوەندە تەناهییەكانی ئەو وڵاتەوە، چوار كۆڵبەر كوژراون و 51 كۆڵبەریش بریندار بوونە، زۆرترینی ئەوانەیشی بوونەتە قوربانی، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە تەناهیەكانی ئێران بووە لە پارێزگای كرماشان، زۆربەیشیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوە بووە.
زیاتر گوتی، هەر لەو ماوەیەدا ترس و تۆقاندن و هەڕەشە و گرتنی هاووڵاتی كورد و چالاكان بەردەوامی هەبووە، نزیكەی 40 كورد بە تۆمەتی جۆراوجۆر گیراون و رەوانەی زیندان كراون، لە ناو زیندانیشەوە سزا دراون و بۆ ناوچەی تر گواستراونەتەوە، ئەمە جگە لەو ئازارە دەروونی و جەستەییەی كە رووبەڕووی زیندانیانی كورد لە ناو زیندان بووەتەوە.
لای خۆیەوە كاوە بەهرامی، ئەندامی دەستەی كارگێڕی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە "وشە"ی راگەیاند، كێشەی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ كۆمەڵێك گرفت كە لە ناوچەكەدا هەیە، ئەو گۆڕانكارییە نوێیانەی كە لە ئارادایە، بەرپرسانی باڵای ئێران هەستیان بەو گۆڕانكارییانە كردووە، بۆیە كەوتوونەتە خۆیان، چونكە خۆیان باش دەزانن ئێران بەشێك دەبێت لەو گۆڕانكارییانە.
باسی لەوەیش كرد، ئێران وڵاتێكی فرە نەتەوەیە كە ئەوان بە درێژایی مێژوو داوای مافی نەتەوایەتی خۆیان دەكەن، یەكێك لەوانە كوردە، بۆیە گەلی كورد بە گەورەترین ئەلتەرناتیڤ دەزانن بۆ ئەو ئاڵوگۆڕانە، چونكە حزبە كوردییەكان لە رۆژهەڵات چالاك و كاران، بۆیە دەستیان بە چاوترساندن و ترس و تۆقاندن و گرتن و زیندانیكردنی كورد كردووە، بۆ داهاتووی خۆیان خەریكی دروستكردنی سەقامگیرین، بەڵام لە لایەك كورد و لە لایەكیش خەڵكی ئێران بە گشتی دژی رژێم هەستاون.
"دۆخی ئێران لە بوارەكانی دارایی و ئابووریدا زۆر خراپە و لە لایەنە كۆمەڵایەتییەكەی خەڵكەكە گەیشتوونەتە ئاستێك بە تەواوی ناڕەزایەتی دەستی پێ كردووە، بۆیە ئەو كوشتن و گرتنەی ئێران دەستی داوەتێ بۆ ئەوەیە خەڵك چاوترسێن بكەن، بەڵام پێمان وایە رژێم ناتوانێت بەربەست دروست بكات"، كاوە بەهرامی وای گوت.
پێوەست بەو بابەتەوە حەسەن قادر زادە، ئەندامی دەفتەری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئێران بە هەموو شێوەیەك دەستی بە گرتن و ترساندن كردووە، رێگە بە هیچ چالاكییەك نادات و دەستی بە گرتنی چالاكان كردووە، لە لایەك كۆڵبەران دەكوژێت و تەقەیان لێ دەكات، كۆماری ئیسلامی ئێران سەركەوتووی خەڵك دەكات، لە هەموو لایەكەوە ناڕەزایەتییان فراوان بوون، ئەمە كاریگەری لەسەر ئێران دروست كردووە، بۆیە هەوڵدەدەن ئەو ناڕەزایەتی و توڕەییەی خەڵك بڕەوێنەوە و بەو شێوە گرتنە خەڵك بترسێنن.
روونی كردەوە، چەندان ساڵە ئێران بەو شێوەیە دژی كوردی رۆژهەڵات هەموو رێكارێكی گرتووەتە بەر و سەتان كورد لە زیندانن، بە تۆمەتی چالاكیی سیاسی خەڵك دەگرێت، بەڵام تا سەر بۆ ئێران بەو شێوەیە نابێت.
وشە/ تایبەت