بەمشێوەیە خۆت لە شكانی ئێسك و ددان بپارێزە

:: PM:07:05:08/05/2022 ‌

زۆرێك لە مرۆڤەكان بەدەست كێشە جیاوازی ئێسكەوە دەناڵێنن، بەشێكیان بەهۆی پیشەكەیانەوەیە، كە رەنگە ناچار بن كاری قورس ئەنجام بدەن، هەیشە وا پێویست دەكات زۆر دابنیشێت یان بوەستێت، بە گشتی شێوازی هەڵەی مامەڵەكردن و سیستمی خۆراكی ناتەندروست و وەرزش نەكردن، گەورەترین هۆكاری كێشەی ئێسكە لە مرۆڤ.

ئێسكە پەیكەر گرنگی گەورەی بۆ لەشی مرۆڤ هەیە، لەشی رادەگرێ و دەشی پارێزێت، لەگەڵ ماسولكەكان توانای جووڵەی پێ دەبەخشێت، لەگەڵ چوونە ناو تەمەن ئێسك لاواز دەبێت، بەڵام هەندێك كەس لە تەمەنێكی زۆر زووتر تووشی كێشەی ئێسك دەبنەوە، دەبێت چی بكەن؟

بەپێی توێژینەوەكان پێویستە ئەوان بە بەردەوام وەرزش بكەن بۆ بەهێزكردنی جومگە و ماسولكەكانیان و كەمكردنەوەی پەستانی سەر ئێسكیان، جیا لە خواردنی خۆراكی تەندروست و پێویست بۆ تەندروستی ئێسك، لەوانەیش سەوزەی گەڵاداری رەنگ تێر، كە زۆر بەسوودە بۆ پتەوی ئێسك و رێگرتن لە پووكانەوەی. 

شارەزایانی بواری خۆراك ئاماژە بۆ سپێناخ و كەلەرم و سڵق و هیتریش دەكەن، كە بڕێكی زۆری كالیسیۆمیان تیادایە، هەروەها برۆكلی و شێلم و توور و خاس، لەشی مرۆڤ ئەو كالیسیۆمەی دەستی دەكەوێ لە ددان و ئێسكەكان كۆی دەكاتەوە، كە بۆ تەندروستییان پێویستە.

توێژینەوەكان دەڵێن، ئەگەر مرۆڤ رۆژانە لە رێگەی خۆراكەوە كالیسیۆمی پێویستی پێ نەگات، ناچار دەبێت لە ئێسك و ددانەكان وەری بگرێتەوە، ئەوەیش كار لە تەندروستیان دەكات، جیا لەوە ئەو سەوزانە سەرچاوەی باشن بۆ ڤیتامین كەی كە ئێسك پتەو دەكا و چڕی كانزاكان لە ئێسك زیاد دەكات و شكانی ئێسك كەم دەكاتەوە، بە هەمان شێوە ڤیتامین دیش.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل