سه‌رچاوه‌یه‌كی یاسایی ئه‌مڕۆ رای گه‌یاند، دادگای پارێزگای نه‌جه‌فه، فه‌رمانی گرتنی بۆ شێخی هۆزه‌كانی دلێم له ئه‌نبار عه‌لی حاتم سلێمان ده‌ركردووه كه به‌مدواییه له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه بۆ عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
پێگه‌ی "
شه‌فه‌ق نیوز" ئه‌مڕۆ سێشه‌م 10ی ئایار بڵاوی كردووه‌ته‌وه، به‌پێی گوته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی یاسایی له نه‌جه‌ف، دادگای ئه‌و پارێزگایه فه‌رمانی گرتنی بۆ عه‌لی حاتم سلێكان كه شێخی هۆزه‌كانی دلێمه له ئه‌نبار ده‌ركردووه. ئه‌و فه‌رمانه دوای ئه‌وه هات كه ژماره‌یه‌ك له كه‌سوكاری شه‌هیدان سكاڵایان له‌سه‌ر ئه‌و شێخه تۆمار كردبوو.
تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌بوو كه هانی خۆپێشاندانه‌كانی ئه‌نباری له ساڵانی رابردوودا داوه
عه‌لی حاتم سلێمان كه له‌لایه‌ن دادگای عێراقه‌وه داواكراو بوو، تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌بوو كه هانی خۆپێشاندانه‌كانی ئه‌نباری له ساڵانی رابردوودا داوه، هاوكات به‌هۆی هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌وه‌وه داعش له ساڵی 2014دا هێرشی بۆ عێراق هێنا و چه‌ندان شاری له‌و وڵاته‌دا داگیر كرد.
به‌مدواییه كه عه‌لی حاتم سلێمان گه‌ڕایه‌وه بۆ به‌غدا و دواتریش بۆ ئه‌نبار، قسه‌وباسێكی زۆری دروست كرد كه له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی به سه‌رۆكایه‌تیی نووری مالیكی، پاڵپشتی كراوه و توانیویه‌تی بگه‌ڕێته‌وه بۆ عێراق، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر سه‌ركرده‌كانی سوننه وه‌ك رافع عیساوی و سوڵتان ئه‌بو ریشه كه فه‌رمانی گرتنیان له دادگاكانه‌وه هه‌بوو، گه‌ڕانه‌وه بۆ عێراق. مه‌به‌ست له گه‌ڕانه‌ی ئه‌وانه بۆ دژایه‌تیكردنی محه‌مه‌د حه‌لبووسییه.
له به‌رانبه‌ر به‌و ده‌نگۆیانه، نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا نووری مالیكی، ره‌تی كرده‌وه كه مالیكی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێوه‌ندیی به‌و پرسه‌وه نییه و ده‌ستوه‌ردان ناكات.