كشتوكاڵی عێراق وادەی كۆتاهاتنی پەتای خوێنبەربوون دیاری دەكات

:: PM:07:27:10/05/2022 ‌

ماوەی چەند هەفتەیەكە تای خوێنبەربوون، وەك پەتایەكی هاوبەش و مەترسیدار لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ لە چەند ناوچەیەكی عێراق دەركەوتووە و بەو هۆیەوە تووشبوون و مردن هەیە، وەزارەتی تەندروستی عێراق نوێترین ئاماری تووشبوون و مردنی بەو هۆیەوە بڵاو كردەوە، وەزارەتی كشتوكاڵیش ئاماژەی بۆ وادەی كۆتاهاتنی پەتاكە كرد.

سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق گوتی، تا ئێستە 55 حاڵەتی دووپاتكراوەی پەتای تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمار كراوە، زۆرینەی لە پارێزگای زیقاڕ بووە، جیا لە بوونی 12 حاڵەتی گیانلەدەستدان بە پەتاكە.  

لای خۆیەوە حەمید نایف، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشی ئەندامانی شانەی راگەیاندنی حكوومەت گوتی، زۆرینەی حاڵەتە تۆماركراوەكانی تووشبوون و مردن بەهۆی پەتاكە لە بەخێوكەری ئاژەڵەكان یان قەساب و گۆشتفرۆشەكان بوونە.

زیاتر گوتی، شوێنە ناتەندروستەكانی بەخێوكردنی ئاژەڵ كە مێرووی گەنەیان تیادایە، سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكەن، بۆیە وەزارەتەكە هەڵمەتێكی چڕی دەست پێ كردووە بۆ كوتانی ئاژەڵەكان، بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە.

روونی كردەوە، لە رۆژانی داهاتوودا ئەو پەتایە بەیەكجاری كۆتایی دێت، هاوكات هاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە كە ئەو گۆشتەی لە بازاڕ هەیە بۆ خواردن تەندروستە، بەڵام پێویستە خۆیان لە كڕینی گۆشت لە شوێنە هەرەمەكییەكان بە دوور بگرن. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل