مردن بەهۆی تای خوێنبەربوون لە عێراقدا گەیشتە 12 كەس

:: AM:09:09:11/05/2022 ‌
تای خوێنبەربوون كە ماوەیەكە وەك پەتایەك بڵاو بووەتەوە، بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، تا دوێنێ بەهۆی ئەو پەتایەوە، ژمارەی مردن گەیشتە 12 كەس.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ چوارشەم 11ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، وەزارەتی تەندروستیی عێراق رای گەیاندووە، تا دوێنێ سێشەم لە تەواوی وڵاتەكەدا ژمارەی تووشبوون بە پەتای تای خوێنبەربوون، گەیشتە 55 كەس و لە ناویاندا 12 كەس گیانیان لە دەست داوە.

لەوبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق سەیف ئەلبەدر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاندووە، تەواوی تووشبووان بە تای خوێنبەربوون لە عێراقدا كە پشكنینی رژدیان بۆ كراوە، 55 كەس بوون و ئەنجامی دڵنیایی بە تووشبوونیان دووپات كراوەتەوە، لەناو ئەو ژمارەیەشدا 12 كەس گیانیان لە دەست داوە.

گوتبێژی وەزارەتەكە روونی كردووەتەوە، زۆرینەی تووشبووان لە پارێزگای زیقارن كە هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە، زۆرینەیان هەژارن و مانگا و گامێش و مەڕوماڵات بە خێو دەكەن، بۆیە لەناو تووشبوواندا 29یان لەو پارێزگایەن و شەش كەسیش بەهۆی ئەو پەتایەوە گیانیان لە دەست داوە.

تای خوێنبەربوون نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە كە بە "كۆنغۆ كریمەن"یش ناسراوە، یەكێكە لە نەخۆشییە مرۆژەڵییەكان كە هاوبەشە لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا. لە كۆمەڵەی RNA (Hemorrhagic Virus). ئەم نەخۆشییە لە زۆربەی وڵاتان بەربڵاوە و خەڵكێكی زۆر تووشی دەبن.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د