روونكردنەوە لەبارەی هاتنی بەنزینی 690 دیناری دەدرێ‌

:: PM:02:16:11/05/2022 ‌
قایمقامییەتی هەڵەبجە رای دەگەیەنێت، بەنزینی 690 دیناری دەگاتە هەڵەبجە و ئەو بەنزینخانانەی گرێبەستیان هەیە، دەتوانن داوای ئەو بەنزینە بكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ـی ئایار، لە ڕاگەیەنراوێكی قایمقامییەتی هەڵەبجەدا هاتووە، بەنزینی 690 دیناری بۆ هەڵەبجە دابین دەكرێ‌، نرخی لیتری ئەم بەنزینە بە 670 دینارە بۆ بەنزینخانەكان، لە بەنزینخانەكانیشدا دەدرێت بە 690 دینار.

باس لەوەش كراوە، دەبێت ئەو بەنزینخانەیەی داوای دەكات، خاوەنی مۆڵەتی فەرمی بێت، ئەوجا ئەو بەنزینەی پێ دەدرێت. خاوەن بەنزینخانەكە دەبێت گرێبەستێكی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی سلێمانیدا هەبێت كە پابەندی سەرجەم یاسا و ڕێنوێنییەكان بێت، هەروەها پێویستە لە بانكدا پارەی پێشەكی ڕادەست كردبێت، چونكە خشتەی هاتنی بەنزین بە ڕۆژانە بۆ بەنزینخانەكان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی سلێمانییەوە دادەنرێت، ڕۆژانە تەنیا دوو تانكەر بە بڕی 72 هەزار لیتر بۆ دوو بەنزینخانەی پارێزگای هەڵەبجە دەنێرن.

روون كراوەتەوە، هەڵەبجە وەك بەنزینخانەكانی سلێمانی حیسابی بۆ دەكرێت و بەشەكەی ڕۆژانە تەنیا دوو تانكەرە، هەرچەندە هەڵەبجە پارێزگایە، بەڵام خاوەنی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی خۆی نییە و وەك شارۆكە حیسابی بۆ كراوە و سەربە پارێزگای سلێمانییە، ئەمە زۆرترین كێشە و گرفتی بۆ دروست كردوون لە رووی سووتەمەنییەوە كە غاز و بەنزین سەرەكیترینیانە، هیوادارن ئەو گرفتەیان بۆ چارەسەر بكرێت.

ناردنی ئەو بەنزینە لە كاتێكدایە، ڕۆژانە حكوومەتی عێراق ناردنی بەنزینی حكوومی بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان كەمتر دەكاتەوە.



وشە - رامیار جەواد