دەتەوێ كامیان بیت.. ئەو خۆراكانەی مرۆڤ خۆشحاڵ و خەمبار دەكەن

:: PM:07:31:11/05/2022 ‌

یەكێك لە حەوت نهێنییەكەی خۆشحاڵی لە زانستی دەماردا، بوونی هەندێك جۆری خۆراكە كە مرۆڤ خۆشحاڵ دەكەن و هەستێكی باش و خۆشی درێژخایەنی پێ دەبەخشن، دەبنە مایەی هێوركردنەوە و نەمانی راڕایی و نیگەرانی كە پێویستن بۆ هەستكردن بە خۆشی، هەندێك جۆری خۆراكیش هەن مرۆڤ خەمبار دەكەن، دۆخی میزاجی دەشێوێنن و وزەی لەناو دەبەن و تووشی خەمۆكی و نیگەرانی زیاتری دەكەن.

پێوەست بە كەسایەتیی مرۆڤ پێنج جۆر مێشك هەن، مێشكی هاوسەنگ و هەرەمەكی و كۆڵنەدەر و هەستیار و وریا، بۆیە هەموو خۆراكێك بۆ هەموو جۆرەكان گونجاو نییە، د. دانیال ئەمین لە كتێبێكی بەناوی "خۆشحاڵ بە.. حەوت نهێنی بۆ خۆشحاڵی لە زانستی دەمارەكان لەسەر بنەمای جۆری مێشكت"، دەڵێت، خۆراكی خۆشحاڵی ئەوانەن هەستێكی باش و خۆشت پێ دەبەخشن و میزاجت باش دەكەن و بۆ ماوەیەكی درێژخایەن وزەی زیاتر و تەندروستیت پێ دەبەخشن.

ئەو دەڵێت، هەندێك جۆر خۆراك هەن وەك پیتزا و ئایسكرێم و چبس، بە خێرایی میزاجت باش دەكەن و چێژبەخشن، بەڵام دوای ئەوە هەستەكانت ناخۆش دەكەن، چونكە ئەوانە كوالیتیان باش نییە و لە رووی زانستییەوە وا ئەندازە كراون كە چێژیان خۆش بێت، بۆیە خاڵی خۆشحاڵی لە مێشك دەرووژێنن و دەبنە هۆی دەردانی هەندێك مادەی كیمایی بەرپرس لە دروستبوونی خۆشی، وەك دوبامین، ئەوەیش وا دەكات مرۆڤ لەسەریان ئالوودە بێت، راستییەكەی ئەوانە بە مادەی ناتەندروست و كیمیایی و دروستكراو و زیانبەخش بۆ مێشك و لەش و سوز دەوڵەمەندن، خەمۆكی و راڕایی و پەرتەوازەیی مێشك و خەڵەفان و تووشبوون بە نەخۆشییەكانی شەكرە و بەرزی پەستانی خوێن و كێشەی دڵ و شێرپەنجە زیاد دەكەن. 

ئەو نووسەرە لەبارەی خۆراكە خۆشحاڵەكەرە راستەقینەكان ئاماژە بۆ سەوزە و میوە، بەتایبەتی توو و سەوزەی گەڵادار و ماسی و گۆشتی خۆماڵی و چەرەزات و دانەویڵەی تەواو و رۆنی تەندروست و هێلكە و شوكولاتەی رەنگ تێر و خۆراكی دروستنەكراو و ئەندامی و كەم شەكر و پڕ لە ریشاڵ دەكات.

لە بەرانبەردا توێژینەوەیەك ئاماژە دەكات كە یەكێك لە هۆكارەكانی خەمۆكی، ئەو خۆراكەیە كە مرۆڤ دەیخوات، دەركەوتووە ئەوانەی خەمۆكی توند و ناوەندیان هەیە، دوای پێڕەوكردنی سیستمێكی خۆراكی تەندروست بۆ 12 هەفتە، باشتر بوونە، لە رێگەی دووركەوتنەوە لە فاست فوود و شیرینی و خۆراكی سوورەوەكراوە لە رۆن.

بۆیە دەكرێ ناو لە خۆراكە ئامادە و دروستكراوەكان بنرێت "چەكی كۆمەڵكوژ"، چونكە ئەوان خۆشییەكی كاتیت پێ دەبەخشن، بەڵام دواتر تووشی خەمباری و خەمۆكی و راڕایی و ماندووبوونت دەكەن، لەوانە دروستكراوەكان و رشێنراو بە قڕكەرەكان و زۆر شیرین و كەم ریشاڵ و ئەوانەی چێژ و رەنگی دروستكراویان تیادایە و ئەوانەی هۆڕمۆنیان لەخۆ گرتووە و ئەوانەیشی ئەنتی بایۆتیكیان تیادایە و لەناو كیسی پلاستیك پارێزراون.

یەكێك لە نموونەكانی كاریگەربوون بەو جۆرە خۆراكانە رایچڵ رای، خانمە پێشكەیشكاری ناوداری ئەمەریكییە كە خرایە ژێر تاقیكردنەوەی تەندروستی مێشكییەوە، وەك ماڵپەڕی " MindBodyGreen "ی ئەمەریكی باسی كردووە.

مێشكی ئەو پێشكەیشكارە لە جۆری كۆڵنەدەر بووە، ئەو پێڕەوی سیستمێكی خۆراكی دەوڵەمەند بە پڕۆتین و كەم كاربۆهیدراتی كرد، كە جۆرێكی نەگونجاوە بۆ مێشكی، بۆیە ماوەیەك تووشی بێئومێدییەكی توند هاتەوە، مەبەست لەو نموونەیە ئەوەیە كە دەبێت مرۆڤ بیزانێت بۆ هەر جۆرە مێشكێك خۆراكی گونجاوی خۆی هەیە، ئەوەیش هۆكارێكی سەرەكیی هەستكردنیەتی بە خۆشحاڵی یان خەمباری.

          


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل