ئێران لە تەنگژەدایە و بەرەو مایەپووچی ئاوی دەچێت

:: PM:08:02:12/05/2022 ‌

ئێران تووشی چەند تەنگژەیەكی قووڵ هاتووە لەوانە سیاسی و دارایی و ئابووری و خزمەتگوزاری و كۆمەڵایەتی و هیترش، هاوینی ئەو وڵاتە بەهۆی ناڕەزایەتی خەڵك لە هی وڵاتانی تر گەرمترە، ئێستە تاران بە نیگەرانییەوە چاودێریی تەشەنەكردنی ناڕەزایەتی جەماوەری دەكات بەهۆی كەمیی ئاوی خواردنەوە و ئاودێری، بە گشتی بەهۆی گەیشتنی ناوچە جیاوازەكانی ئەو وڵاتە بۆ "مایەپووچی ئاوی".

ئاستی ئاو لە ئەمباری بەنداوەكانی تاران و ئەهواز بە رێژەكانی 30% و 64% كەمی كردووە، میدیاكانی ئەو وڵاتە ئاماژە دەكەن كە ئاستی ئاو لە پایەتەخت لە ئاستی وریاكردنەوە تێپەڕیوە، ئێستە ئێران بە دەست كەمئاوییەوە دەناڵێنێت.

كۆمپانیایەكی ئاو و ئاوی قورس دەڵێت، زیاتر لە 76%ی ئاوی بەكارهاتوو لە تاران لە سەرچاوەی ئاوی نوێبووەوەیە، ئەویش لە كورتهێنانی بەردەوامدایە، محەمەد شەهریاری، بەڕێوەبەری گشتی نووسینگەی دامەزراوەكانی ئاو و كارەبای سەر بە كۆمپانیای ئاوی هەرێمییە لە تاران دەڵێت، ناتوانرێت ئاو بۆ كشتوكاڵ بە ئاراستەی رێڕەوی بەنداوەكان دابین بكرێت.  

ئەو وریاكردنەوە مەترسیی دۆخی تەناهیشی لەگەڵدایە، چونكە هاوینی رابردوو كەمیی ئاو هۆكارێكی ناڕەزایەتی خەڵك بووە لە ئێران، ئێستە ئەو وڵاتە رووبەڕووی زیادبوونی ئاستی وشكەساڵی هاتووەتەوە، تا ئاستێك هەندێك ناوچەی خەڵكنشین و تەنانەت لە پایەتەختیش گۆڕانكاریی دیمۆگراقی بەسەردا هاتووە و خەڵكەكەی بە كۆمەڵ كۆچ دەكەن.

لە ئەهواز ئێستە 64%ی ئەمباری بەنداوەكانی خوزستان بەتاڵە، بۆیە بۆ دووەم ساڵە وشكەساڵییە و پێنج هەزار گوند بێ سەرچاوەی ئاون و حەوت هەزاری تریش بە تانكەر ئاویان بۆ دەچێت، نیك ئاهەنگ كەوسەر، رۆژنامەوانی ئێرانی دەڵێت، لە سایەی ئیدارەی هەڵەی حكوومەت بۆ دۆسییەی ئاو، ئێران لە تەنگژەیەكی گەورەدایە.  

زیاتر گوتی، بەكارهێنانی ئاوی ژێرزەوی یەدەگی ئاوی زۆر كەم كردووەتەوە، بەهۆی كەمبارانیشەوە بەنداوەكان لە دۆخێكی خراپدان، بۆیە ئەگەر دەست بە بەكارهێنانی ئاو نەگیرێت، هەندێك لە بەنداوەكان ناتوانن ئاو دابین بكەن، ئەوەیش ئەگەری دروستبوونی ناڕەزایەتی و كێشە بۆ جووتیاران و زیادبوونی رێژەی هەژاری و بێ كاری لێ دەكرێت، ئەوەیش لە كۆتاییەكەی ململانێی ناوخۆیی و شەڕی دەرەوەی سنووری لێ دەكەوێتەوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل