ژمارەیەك چەكداری داعش كوژران و گیران

:: PM:08:42:12/05/2022 ‌

هاوكات لەگەڵ ئەو داخرانە سیاسییەی لە عێراقدا هەیە، هەڵمەتێكی چڕی سەربازی و تەناهی لە دژی پاشماوەی چەكدارانی رێكخراوی داعش لە چەند پارێزگایەكی عێراق بەڕێوە دەچێت، لە پارێزگای نەینەوا نۆ چەكداری رێكخراوەكە كوژران، لە بەغدا و كەركووكیش هەشت چەكداریان گیران كە یەكێكیان سەركردەیە.

دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند كە نۆ ئەندامی رێكخراوی داعشیان لە رووبەڕووبوونەوەیەكی چەكداری لە بەرزاییەكانی عەدایە لە باشووری مووسڵ كوشتووە، لە شارۆكەی بێجیش لە پارێزگای سەڵاحەدین هێزەكانی حەشدی شەعبی چەكدارێكی رێكخراوەكەیان گرتووە.

هەر ئەمڕۆ لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژ بەناوی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، ئەمڕۆ دەزگای دژەتیرۆر زنجیرەیەك كردەی جۆریان ئەنجام داوە، لەوانە كوشتنی تیرۆریستێكی داعش و گرتنی یەكێكی تر لە گوندی عەواشرە لە پارێزگای كەركووك، هەروەها گرتنی پێنج تیرۆریستی تر لە ناو شاری كەركووك.

روونی كردەوە، هەر ئەمڕۆ دوو ئەندامی داعش لە بازگەی سقووڕ لە بەغدا و شارۆكەی ئەبو غرێب گیران، جیا لە گرتنی تیرۆریست محەمەد زەوبەعی ناسراو بە ئەبو عەزام یان ئەبو یووسف، كە پۆستی ئەمیری كەتیبەی زەرقاوی لە ناوچەكانی باشووری رۆژئاوای بەغدا هەبوو، لە نێوان عێراق و سووریا هاتوچۆی دەكرد و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دژەتیرۆری هەولێر گیراوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل