چوارچێوەی هاوئاهەنگی چاوەڕوانی دەستپێشخەریی سەرۆك بارزانییە

:: PM:10:51:12/05/2022 ‌

4ی ئەم مانگە هەریەك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدر دوو دەسپێشخەریان بۆ چارەسەركردنی دۆخی داخرانی سیاسی لە عێراق كرد، بەڵام هەردوولا بە دەستپێشخەری یەكتر رازی نین، سەركردەیەكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رای گەیاند كە ئەوان چاوەڕوانی دەستپێشخەریەكی گرنگ و بەمنزیكانەی سەرۆك بارزانی دەكەن.

عەلی زوبێدی، سەركردە لە هاوپەیمانی "فەتح"، كە بەشێكی سەرەكیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەیە رای گەیاند، ئەو قسانەی باسی ئەوە دەكەن كە بەشێكی چوارچێوە دەبێتە ئۆپۆزسیۆن و بە مەرجی موقتەدا سەدر، سەركردەی رەوتی سەدر رازین بۆ پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورە و حكوومەت راست نییە.

دووپاتی كردەوە، هێزەكانی چوارچێوە لە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ هێزە سیاسییە هاوبۆچوونەكانیان بۆ چارەسەركردنی خاڵە ناكۆكەكان و كۆتاهێنان بە داخرانی سیاسی بەردەوامن، ئاشكرای كرد كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی چاوەڕوانی دەستپێشخەرییەكی گرنگی سەرۆك بارزانییە بەمنزیكانە، بەپێی زانیارییەكانیش دەستپێشخەرییەكە چەند پێشنیازێكی بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی سیاسی تیادایە، لەوانە ناكۆكی كوردی- كوردی.   

شایەنی باسە ئێستە سێ بەرە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق هەن، هاوپەیمانی سێ قۆڵی یان رزگاركردنی نیشتمان، كە لە رەوتی سەدر و پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی سیادەی سوننە پیك هاتووە و خاوەن زۆرینەن لە پەرلەمان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و هاوپەیمانی عەزمی سوننە، سەربەخۆكان كە ژمارەیەك لیستی تشرینی و ئەندامی سەربەخۆ و لیستی كوردی لەخۆ گرتووە، هەردوو بەرەی سەرەكی ئامادە نین لە پرسی پێكهێنانی حكوومەت سازش بۆ یەكتر بكەن و تەنیا دەستپێشخەری بۆ یەكتر دەكەن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل