هەولێر.. چوار کەس له‌سه‌ر كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى كوژران

:: PM:08:16:13/05/2022 ‌
به‌پێى زانیارییه‌كانى ده‌ست "وشه‌" كه‌وتووه‌، ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، لە گوندی کەوڕەبەن، لە سنووری شارۆكه‌ى خەبات لە پارێزگای هەولێر، چوار کەس کوژراون و ژماره‌یه‌ك برینداریش هه‌یه‌.

ڕووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 13ی ئایار، ڕوویداوە كه‌ بەهۆی کێشەیەکی کۆنی نێوان دوو براوه‌ بووە، لەسەر زەوی و زار.

هاوكات تاکو ئێسته‌یش کەسیان دژی ئەوی تریان سکاڵای یاسایی تۆمار نەکردووە، پێشتر برایه‌كیان گونده‌كه‌ى جێ هێشتبوو ئه‌مڕۆ كه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ شه‌ڕه‌كه‌ دروست بووه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ هێزێكى زۆرى ته‌ناهى گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەست پێ کردووە.

له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر له‌ ڕوونکردنەوەیەکدا ڕاى گه‌یاندووه‌، "ئەمڕۆ سه‌عات 7:30ی ئێوارە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادارکرایه‌وه‌ بەبوونی ڕووداوێکی شەڕکردن لە گوندی کەورەبەن سنووری شاره‌دێی ڕزگاری لە شارۆكه‌ی خەبات".

ئاماژه‌یش دراوه‌، "ڕووداوه‌كه‌ لە نێوان دوو برا بەناوەکانی (ا. ر. پ.) و (ح. ر. پ.) بووه‌، دواتر دەستبەجێ هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر چوونە شوێنی مەبەست بە مەبەستی کۆنتڕۆڵ کردنی شوێنی ڕووداو و ئارامکردنەوەی ئەو گرژیەی لە شوێنی ڕووداو دروست بوو بوو".

زیاتر هاتووه‌، "دواتر دەرکەوت کەوا لەسەر کێشەی زەوی لە نێوان مام و سێ برازا بەناوەکانی (ا. ر. پ.) و (ن. ح.) و (ف. ح.) و (ف. ح.) دەبێتە دەمەقاڵی و گرژی لەنێوانیان ڕوودەدات لەم ناوه‌ندەدا هەریەک لە (ا. ر. پ.) و (ا. ا. ر.) و (ز. ا. ر.) و (ف. ح.) کوژراون وە دوو تۆمەتباریش بەناوەکانی (ف. ح.) و (ن. ح.) لە ژێردەستی پۆلیس دانە کە برینداربوونه‌."

پۆلیس ده‌ڵێت ئێسته‌ پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەم ڕووداوە کردووەتەوە بۆ ئەنجامدانی ڕێڕەوی یاسایی بەرانبەر تۆمەتبارانی تاوانەکە.


وشە - محەمەد میران