12 كەسی نزیكی پوتین كەوتنەبەر سزاكانی بەریتانیاوە

:: AM:09:00:14/05/2022 ‌
جارێكی تر بەریتانیا سزاكانی سەر سەرۆكی رووسیای فراوانتر كردەوە، بەوەش ئەو بازنەیەی كردووەتەوە ئامانج كە بە نزیكترین كەسایەتییە نزیكەكانی هەژمار دەكرێن. لە ناویاندا هاوسەری پێشووی پوتین و ئامۆزاكانی.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ شەموو 14ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گوتەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، ئەو وڵاتە سزاكانی سەر رووسیا و كەسی سەرۆكی رووسیا ڤلادیمێر پوتینی فروانتر كردەوە، بەوەی دوێنێ بڕیار سزادانی 12 كەسی دەكرد كە بە كەسە زۆر نزیكەكانی پوتین هەژمار دەكرێن.

بەپێی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، لەو 12 كەسە نزیكەی پوتین كە بڕیاری سزای ئابوورییان لەلایەن بەریتانیاوە دراوە، هاوسەری پێشووی پوتین لیۆدمێلا ئۆشیریتنیای تێدایە، هاوكات ئەلینا كابیڤا كە یاریكەرێكی نێودەوڵەتیی بواری جومبازە. حكوومەتی بەریتانیا دەلێَ ئەوانە پێوەندیی زۆر بەتینیان لەگەڵ پوتین هەیە و بۆ زۆر شت پشتیان پێ دەبەستێت.

ئەو سزایانەی بەریتانیا بۆ سەر رووسیا و پوتین، دوای ئەوە دێ كە ئەو وڵاتە لە 24ی شوبتەوە جەنگی لە دژی ئۆكراینا بەرپا كردووە، ئەمەریكا و بەریتانیا و یەكێتیی ئەوروپایش، سزای ئابووریی زۆر توندیان خستووەتە سەر ئەو وڵاتە، جیا لەوەی بە چەكی پێشكەوتوو و كەلوپەلی سەربازی، پاڵپشتیی ئۆكراینا لەو جەنگەدا دەكەن كە بەسەریدا سەپاوە.

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئەوەشی گوتووە، پوتین بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵاتەكەی و تەنانەت بۆ ژیانی تایبەتی خۆیشی، پشت بەو تۆڕە دەبەستێ كە لە چواردەوری خۆیدا هەن، ئەوانیش بە كەسە نزیكەكانی پوتین هەژمار دەكرێت، خێزانكەیو  هاوڕێ نزیكەكانی قۆناغی منداڵیی، لەناویاندا ئیگۆر پوتین و رۆمان پوتین كە ئامۆزای سەرۆكی رووسیان، ئەلیسكەندەر بیخۆڤیش یەك لە هاوڕێ زۆر نزیكەكانیەتی كە ئەویش كەوتووەتەبەر سزای بەریتانیا.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د