لە سلێمانی هەوڵی بێدەنگكردنی ئەو كەسانە دەدرێ‌ ڕەخنە دەگرن

:: AM:09:24:14/05/2022 ‌
ئەندازیارێكی بواری خۆراك رای دەگەیەنێت، لەلایەن كەسانێكەوە هەوڵی بێدەنگكردنم دەدرێ‌ كە باسی كوالێتی خۆراك دەكەم، بۆیە ئەگەر بەردەوام بن لە گوشارەكان، هەموو شتێك بۆ ڕای گشتی بڵاو دەكەمەوە.

ئەمڕۆ شەموو 14ـی ئایار، لەشكری حەمید ئەندازیاری خۆراك لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، گوشارێكی زۆرم لەسەرە و دەیانەوێ بێدەنگم بكەن، دەیانەوێ لەبارەی خۆراك و كوالیتییەكەی قسە نەكەم و شتە خراپەكان باس نەكەم بە بیانووی ئەوەی خەڵك دەترسێنم.

ئەو ئەندازیارەی خۆراك دەڵێت، لێرەوە ڕای دەگەیەنم من وەك كەسێكی ئەكادیمی كارەكانم كردووە، لە هەموو بەرنامەكاندا گوتە و ڕای كەسانی پێوەندیداری تێدایە و بۆ بەرژەوەندیی گشتی ئەو كارە دەكەم، بۆیە هیچ شتێك بێدەنگم ناكات مەگەر بە مەرگم بێدەنگم بكەن.

باسی لەوەش كردووە، ئەگەر بەردەوام بن لە گوشارەكان، هەموو شتێك بۆ ڕای گشتی بڵاو دەكەمەوە، مەگەر بمكوژن واز بێنم.

لەشكری حەمید پێشتر لە لیژنەی پشكنینی قایمقامییەتی سلێمانی بوو، ڕێگریی دەكرد لە خۆراكی بێ‌ كوالێتی و ئاستنزم و ماوەبەسەرچوو، ئێستە لەڕێی هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان ئەو كارە دەكات و زیانەكانی شتەكان بڵاو دەكاتەوە.



وشە - رامیار جەواد