کۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەمانى عێراق ناکرێت

:: AM:09:52:14/05/2022 ‌
لەسەر داوای چەند فراکسیۆنێکى ناو په‌رله‌مانى عێراق، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ کاتێکی تر دواخرا.

ئه‌مڕۆ شه‌موو 14ى ئایار، فەرمانگەی ڕاگه‌یاندنى سه‌ر به‌ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، "لەسەر داوای چەند فراكسیۆنێكی پەرلەمانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە"

له‌ درێژه‌ى ڕاگه‌یانراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "دواخرانی کۆبوونەوەکە لەپێناو گفتوگۆ ڕاوێژی زیاترە، بۆ ئەوەی یاسایەکی تۆکمە بۆ پشتیوانی ئاسایشی خۆراک گەڵاڵە بکرێت، ئەمەیش کاتی پێویستە".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ کۆبوونەوەکەى ئه‌مڕۆ پێوەست بووه‌ بە گفتوگۆ له‌بارەی دۆخی شنگال و دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای پشتیوانی بەپەلەی ئاسایشی خۆراک و پەرەپێدان.

شایەنی باسە ئێستە سێ بەرە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق هەن، هاوپەیمانی سێ قۆڵی یان رزگاركردنی نیشتمان، كە لە ڕەوتی سەدر و پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی سیادەی سوننە پیك هاتووە و خاوەن زۆرینەن لە پەرلەمان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هاوپەیمانی عەزمی سوننە، سەربەخۆكان كە ژمارەیەك لیستی تشرینی و ئەندامی سەربەخۆ و لیستی كوردی لەخۆ گرتووە، هەردوو بەرەی سەرەكی ئامادە نین لە پرسی پێكهێنانی حكوومەت سازش بۆ یەكتر بكەن و تەنیا دەستپێشخەری بۆ یەكتر دەكەن. ئه‌مه‌یش كاریگه‌رى له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران دروست كردووه‌.


وشە - محەمەد میران