شاندێكی باڵای پێشمەرگە بەرەو ئەمەریكا كەوتە ڕێ‌

:: AM:10:09:14/05/2022 ‌
وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەرەو ئەمەریكا كەوتنە ڕێ‌.

ئەمڕۆ شەموو 14ـی ئایار، وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی كردووەتەوە، لەسەر داوەتنامەیەكی فەرمی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا، شاندێكی باڵای راگەیاندنی تەناهیی عێراق بەرەو ئەمەریكا بەڕێ كەوت.

باسی لەوەش كراوە، چەند كۆبوونەوە و دیدارێكی تایبەتیان دەبێت لەبارەی كار و چالاكییەكانی میدیای سەربازی لە عێراقدا، هەروەها باشتركردنی هاوئاهەنگی و پێوەندیی نێوان میدیای سوپای عێراقی و هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیمانان، بەتایبەتیش ئەمەریكا.

روون كراوەتەوە، لەو سەردانەدا چەند ناوەندێكی باڵای سەربازیی ئەمەریكا بەسەر دەكەنەوە، گفتوگۆ و راگۆڕینەوە لەگەڵ ئەفسەرانی ئەو وڵاتەدا ئەنجام دەدەن.

چوونی ئەو شاندە لە كاتێكدایە، هێزەكانی ئەمەریكا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بۆ لەناوبردنی پاشماوەكانی داعش بەردەوامە لە هاریكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان.

ئێستە ئەمەریكا جگە لە ژووی هاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا بەشدارە، هاوكات هاریكاریی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش دەكات لە پێدانی چەك و كۆمەكی ئابووری.




وشە - رامیار جەواد