مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە بۆنەی هەڵبژاردنی محەمەد بن زاید وەك سەرۆكی ئیمارات، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستە كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازێت.
ئەمڕۆ شەموو 14ـی ئایار، مەسروور بارزانی لە پەیامێكدا لە تویتەر بڵاوی كردووەتەوە، پیرۆزبایی لە محەمەد بن زاید كرد.
سەرۆكی حكوومەت لە نووسینەكەی دەڵێت، بەبۆنەی هەڵبژاردنی شێخ محەمەد بن زاید وەك سەرۆكی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزیان دەكەم و چاوەڕێی پتەوكردنی پێوەندییە بەهێزەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیمارات دەكەم، هیوای سەركەوتنی لە ئەركەكانیدا بۆ دەخوازم.
ئەمڕۆ شەموو ئەنجوومەنی باڵای ئیمارات كۆ بووەوە و محەمەد بن زایدی بە سەرۆكی ئەو وڵاتە هەڵبژارد. ئەنجوومەنی باڵای ئیمارات لە حاكمی حەوت شانشینی ئیماراتی عەرەبی پێك دێت.
بەپێی مادەی 51ی دەستووری ئەو وڵاتە، شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان، بەكۆی دەنگ بە سەرۆكی نوێی ئیمارات هاتە هەڵبژاردن و شوێنی خەلیفە بن زاید ئال نهیانی گرتەوە كە دوێنێ بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.