پەرلەمانتارێك: وەزیری نەوت شەڕی گەلی عێراق دەكات

:: PM:06:33:14/05/2022 ‌

لە ماوەی رابردوودا هاوكات لەگەڵ ئەو داخرانە سیاسییەی عێراق پێی گەیشتووە، وەزارەتەكانی حكوومەتی عێراق بڕیاری ناهاوسەنگ و لە ژێر كاریگەریی دۆخی سیاسی و خراپ ئیدارەدان دەدەن، ئەویەش تەنگژەی وڵاتەكەیان قووڵتر كردووەتەوە، لەوانە وەزیری نەوت بە بەردەوام هێرش دەكاتە سەر كەرتی نەوتی هەرێم، پەرلەمانتارێكی عێراق وریایی لە دروستبوونی شۆڕشێكی جەماوەری بەهۆی سیاسەتەكانی وەزارەتی نەوت دەدات.

هادی سەلامی، پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق دەڵێت، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق نرخی گازی لەسەر پڕۆژەكانی دەوڵەت لە 450 دینارەوە بۆ 750 دینار زیاد كردووە، بەوەیش نەوەستاوە، بەڵكو نرخی نرخی نەوتی رەشیشی بەرز كردووەتەوە، بۆیە ئەو وەزیرە سیاسەتی شەڕێكی رێكخراو لە دژی گەلی عێراق پێڕەو دەكات. 

ئەو پەرلەمانتارە وەزیری نەوتی بە یاریكردن بە سامانی گەلی عێراق و گوێنەدان بە نەهامەتی خاوەن كارگەكان تۆمەتبار كرد، ئەوە لەوكاتەی زەهرە بەجاری، پەرلەمانتاری عێراق پێشتر ئاشكرای كرد كە بەنیازە لێپرسینەوە لە ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوت لە پەرلەمان بكات لەسەر چەند دۆسیەیەك، لەوانە پڕۆژەی نەوتی بەسڕە- عەقەبە. 

شایەنی باسە دوای ئەوەی حكوومەتی عێراق بووەتە كاربەڕێكەر، بەشێك لە وەزارەت و فەرمانگەكان كەوتوونەتە ژێر كاریگەری ململانێ و ئەو ئاڵۆزییە سیاسییەی هەیە، لەوانە وەزارەتی نەوت، كە بەم دواییە پاڵپشتی لە بڕیارێكی دادگای باڵای فیدراڵ كرد لە دژی كەرتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان، وەزیری نەوتیش چەند لێدوانێكی توندژی لە دژی هەرێم راگەیاند.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل