"چارەسەریی دۆخی شنگال بە جێبەجێكردنی رێككەوتنی گەر هەرێمی كوردستانە"

:: PM:07:09:14/05/2022 ‌
 
زیاتر لە ساڵ و نیوێك بەسەر واژووكردنی رێككەوتنی شنگال لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق تێپەڕ دەبێت لە 9ی تشرینی یەكەمی 2020، تا ئێستە جێبەجێ نەكراوە، پەرلەمانتارێكی كورد دووپاتی دەكاتەوە كە جێبەجێكردنی رێككەوتننەكە زۆر كاریگەری لەسەر دۆخی ناوچەكە دەبێت.

د. ماجید شنگالی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەسەر شارۆكەی شنگال دەڵێت، بێگومان جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە ئێستە زۆر لە كێشەكانی شنگال چارەسەر دەكات، بەتایبەتی گەڕانەوەی حكوومەتی ناوخۆیی بۆ ناوچەكە، چونكە ئێستە ئەوان لە شوێنی خۆیان دەوام ناكەن.

روونی كردەوە، بۆیە ئاساییكردنەوەی دۆخەكە زۆر گرنگە، هاوكات بەڵێ تێكەڵكردنی كارتەكان لە ناو شنگال و دەوروبەری هەیە، ئەجیندای ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی تێكهەڵكێش هەیە، وەك دەبینن چەكدارانی یەبەشە لەوێ هەن و پاڵپشتیی ناوخۆییان لەلایەن هەندێك لا یەنی سیاسی لە عێراق هەیە، هەندێك لایەنی ناوچەكەیش وەك كارتێك بەكاریان دێنن بۆ گوشارخستنە سەر هەرێمی كوردستان و پارتی و لایەنی نێودەوڵەتیش.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، ئێمە دەمانەوێ دەست بە جێبەجێكردنی رێككەوتننەكە بكرێت، ئەگەرچی ئەوە كێشەكە بە تەواوەتی چارەسەر ناكات، بەڵام زۆر شت ئاسانتر دەكات، ئەو كاتەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران باسی ئەوە دەكات چاوی بە شاندێكی شنگال كەوتووە، ئەو تەنیا چاوی بە تایفەیەك كەوتووە و گرنگی بە پێكهاتەكانی تر نادات، تۆ ئەگەر دەتەوێ ئارامی لەوێ سەقامگیر بێت، پێویستە چاوت بە شاندی هەموو پێكهاتەكانی شنگال بكەوێت.

"ئاوارەكان رێژەی گەورەی شنگال پێك دێنن، بۆیە پێم وایە پێویستە حكوومەت رێوشوێنی نوێ بگرێتە بەر، سوپای عێراق دەیەوێ ئارامی سەقامگیر بكات، بەڵام بێ گەڕانەوەی ئاوارەكان و حكوومەتی ناوخۆیی بۆ ناوچەكە ئەوە نایەتە دی، ئەو ئارامییەی باسی دەكەن بەقەد رێژەی گەڕانەوەی ئاوارەكانە كە 15%یە، هەروەها پێویستە خەڵكی شارۆكەكە لە پاراستنی ئاسایش بەشداریان پێ بكرێت، لە دیداری كازمی نوێنەرانی شارەكە لە پەرلەمان ئەوانیش ئامادە بووبووان، بە كورتی ئەگەر كازمی دەیەوێ دۆخی شنگال چارەسەر بكات، پێویستە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی گەر هەرێم دەست پێ بكات، كە تا ئێستە شتێكی وای لێ جێبەجێ نەكراوە"، ماجید شنگالی وای گوت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل