روونكردنەوەیەك لە گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە

:: PM:11:18:14/05/2022 ‌

ئەمڕۆ لە چەند میدیایەكی عێراقی و جیهانیدا هەواڵێك بڵاو كرایەوە، گوایە هێزێكی تەناهی سەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بەسەر چەند كێڵگەیەكی نەوت لە پارێزگەی كەركوودا گرتووە، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەو بارەوە روونكردنەوەیەكی راگەیاند. 

لە روونكردنەوەكە د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، حكوومەتی هەرێم هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە رەت دەكاتەوە كە گوایە بە پشتیوانی هێزی چەكداری، دەستی بە سەر چەند كێڵگەیەكی نەوتی بای حەسەن و داودگورگەی سەر بەكۆمپانیای نەوتی باكور لە كەركووكدا گرتووە و داگیری كردوون.

روونی كردەوە، ئاشكرایە بە پێی دەستووری عێراق سامانی گشتی هی هەموو خەڵكی عێراقە و هی كۆمپانیایەك نییە، كۆمپانیای نەوتی باكور چەندان ساڵە بەبێ هەبوونی یاسای نەوت و غاز، كار دەكات و دەستوور پێشێل دەكات، بۆیە ئەگەر كۆمپانیای نەوتی باكور لە خەمی چارەسەكردنی كێشەكاندایە، با یاسای نەوت و غاز بە پێی دەستوور تەشریع بكرێت.

بۆیە ئەو هەڵمەتەی دژی هەرێم دەستیان پێ كردووە هۆكارەكەی سیاسییە و هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە، بۆیە ئەو تۆمەتانەی دژی هەرێم بڵاوی دەكەنەوە، دوورن لە راستییەوە و تەنیا بۆ دروستكردنی ئاژاوە و دژی مافەكانی خەڵكی كوردستانە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل