بۆ سێیه‌م رۆژی له دوای یه‌ك، خۆپێشاندان دژی گرانیی به‌رده‌وامه و شه‌وی رابردوو تارانی پایته‌ختی ئێرانیشی گرته‌وه.
به‌پێی ئه‌و گرته ڤیدیۆیانه‌ی بڵاو كراونه‌ته‌وه، له هه‌ندێك شارۆكه‌ی ده‌وروبه‌ری تاران، ته‌نانه‌ت ده‌نگی ته‌قه بیستراوه و هێزه‌كانی پۆلیس بۆ بڵاوه‌پێكردنی خه‌ڵك، هانایان بۆ توندوتیژی بردووه.
خۆپێشاندان له چه‌ند شارێكی خووزستان و چوارمه‌حاڵ و به‌ختیاریش هه‌ر به‌رده‌وام بووه، له ئیسفه‌هانیش دۆخێكی زۆر توندی ته‌ناهیی زاڵه و پۆلیس بۆ رێگریكردن له خۆپێشاندان له‌و شاره‌دا، هێزێكی زۆری له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان كۆ كردووه‌ته‌وه.
قسه له كوژرانی خۆپێشانده‌رێك له نزیك تاران ده‌كرێت و ئه‌حمه‌د ئاوایی نوێنه‌ری دزفوول له په‌رله‌مانی ئێران، هه‌واڵه‌كه‌ی پشتڕاست كردووه‌ته‌وه و گوتوویه‌تی، له میانه‌ی خۆپێشاندانه‌كانی ئه‌ندیمێشك كه‌سه‌كه كوژراوه.
زۆربه‌ی دروشمه‌كان دژی عه‌لی خامنه‌یی و ئیبراهیم ره‌ئیسین.
له نیشابوور ره‌شت و چه‌ند شوێنێكی تری ئێرانیش خۆپێشاندان كراوه، له خۆپێشاندانه‌كاندا دروشم له دژی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی دراوه، زۆربه‌ی دروشمه‌كان دژی عه‌لی خامنه‌یی و ئیبراهیم ره‌ئیسین.
به‌پێی هه‌ندێك ڤیدیۆ كه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو كراونه‌ته‌وه، خه‌ڵك دروشمی ''خامنه‌یی بمرێ'' و ''ره‌ئیسی بمرێ''یان داوه.
له چه‌ند رۆژی رابردووش‌دا له شاره جیاجیاكانی چه‌ند پارێزگایه‌كی ئێران، گردبوونه‌وه و خۆپێشاندان و ناڕه‌زایه‌تی به‌هۆی گرانبوونی نرخی شتومه‌ك رێك خرابوو، به‌ڵام حكوومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له زیاتر په‌ره‌سه‌ندنی خۆپێشاندانه‌كان بكات، هێڵی ئینته‌رنێتی به ته‌واوی خاو كردبووه‌وه.
به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی رابردوو، كۆمه‌ڵێك چالاكی سڤیل گیراون و به گوته‌ی رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ، ژماره‌یه‌كی زۆریان تا ئێسته ده‌ستبه‌سه‌رن و كه‌س ئاگای له چاره‌نووسیان نییه.