بڕیارێك بۆ مووچە دەرچوو

:: PM:02:16:15/05/2022 ‌
بۆ دابەشكردنی مووچەی خانەنشینی شارستانی لە سنووری سلێمانیدا، بڕیار دراوە مووچەكانیان لە چەند ڕۆژێكدا بە كۆد دابەش بكرێت.

لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا لە كاتی دابەشكردنی مووچە لە سنووری سلێمانی، پێنج هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا، ئەمەیش وایكردووە بەرپرسانی ئەو شارە بیر لە شێوازێكی نوێی دابەشكردنی مووچە بكەنەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 15ـی ئایار، بەپێی گوتەی بەرپرسانی سلێمانی، رۆژی شەموو بە كۆد مووچەی خانەنشینان دابەش دەكرێت.

بەپێی ئەو بەرنامەیەی دایان ناوە، ئەو شێوازی دابەشكردنە بۆ كارئاسانی بۆ خانەنشینان و دروست نەبوونی قەرەباڵغی، بەپێی خشتەیەكیش دانراوە، لە رۆژی شەموودا ئەو خانەنشینانەی كۆدەكانیان لە ژمارە 10 هەزار و 11 هەزار و 27 هەزارە، مووچەكانیان دابەش دەكرێت.

لە خشتەكەدا رۆژی یەكشەم مووچەی كۆدی ژمارە 28 هەزار و ژمارە 29 هەزار دابەش دەكرێت، رۆژی دووشەم مووچەی ئەو خانەنشینانە دابەش دەكرێت كە كۆدەكانیان ژمارە 30 هەزار و 31 هەزارە، رۆژی سێشەم ژمارە 32 هەزار و ژمارە 33 هەزار دابەش دەكرێت و رۆژی چوارشەم كۆدەكانی ژمارە 34 هەزار و 35 هەزار و 36 هەزار مووچەیان پێ دەدرێت.

ئەو خشتەیەی دانراوە لە كاتێكدایە، ماوەی ساڵێكە لە هەولێر بەو شێوەیە مووچە دابەش دەكرێت، تەنیا لە دوو ڕۆژ كە نیوەی مووچەخۆران لە ڕۆژێك وەریدەگرن، نیوەكەی تر لە ڕۆژێكی تردایە كە ئەوەیش بۆ نەهێشتنی جەنجاڵییە لە بانكەكاندا.



وشە - رامیار جەواد