عێراق.. دەستپێشخەری سەربەخۆكان باسی چی دەكات؟

:: PM:05:31:15/05/2022 ‌

وەك بڕیار بوو ئەمڕۆ یەكشەم ئەندامە سەربەخۆكانی پەرلەمانی عێراق، كە ژمارەیان لە دەوروبەری 40 ئەندامە، دوای چەند كۆبوونەوەیەك دەستپێشخەری خۆیان بۆ چارەسەركردنی داخرانی سیاسی لەو وڵاتە خستە روو، ئەوان نەخشەرێگەیەكیان بۆ چارەسەری تەنگژەی سیاسی و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق راگەیاند كە لە حەوت خاڵ پێك هاتووە و دەیخەنە پێش هێزە سیاسییەكان بۆ قبووڵكردنی.

ئەمڕۆ لە تەلاری پەرلەمانی عێراق و لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، سەربەخۆكان دەستپێشخەری خۆیان بۆ چارەسەری داخرانی سیاسی راگەیاند، كە لە بەشێكیدا هاتووە، دووپات لەسەر وادە و حەقبەشە دەستوورییەكان دەكەینەوە، لەوانە پێكهێنانی حكوومەت، كە پرسێكی نیشتمانی و ناوخۆییە و بە هیچ شێوەیەك لایەنی دەرەكی بۆی نییە دەستی تێ وەربدات.

قۆناعەكانی پێشووی سەردەمی حكوومەتە دوای یەكەكان شكستی تیادا بووە و وای دەبینین ئەندامە سەربەخۆكان و بزاوە تازە دروستبووەكان بارستەیەكی پەرلەمانی پێك بێنن و داوا لە هێزە سیاسییەكان بكەن بۆ پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمان بێ هیچ پێشمەرجێك، دوای راسپاردنیشیان لەلایەن سەركۆماری نوێ بۆ دیاریكردنی كەسایەتییەك بۆ سەرۆك وەزیران، سەربەخۆكان كەسایەتییەكی سەربەخۆ دوور لە گوشاری هێزە سیاسییەكان دیاری دەكەن.

 فراكسیۆنی پاڵپشتیش بۆ سەربەخۆكان، بەشداری لە دیاریكردنی ئەندامانی كابینەی حكوومەت دەكات لەسەر بنەمای توانست و شارەزایی و پاكی و بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن و مسۆگەریی نوێنەرایەتی كەمینەكان، سەربەخۆكانیش پاڵپشتی لە بەرنامەی هەڵبژاردنی ئەو فراكسیۆنە پاڵپشتە دەكەن، بۆ ئەنجامدانی چاكسازی سیاسی و ئابووری و نەهێشتنی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی، بەو شێوەیە سەرۆك وەزیران لەبەردەم گەل و پەرلەماندا راستەوخۆ بەرپرس دەبێت لە كاری ئەو حكوومەتە. 

سەرۆك وەزیران كەسێكی سەربەخۆ و پاك و خاوەن توانست و شارەزاییەكی سیاسییە و هیچ گومانێكی گەندەڵی لەسەر نەبێت و كەسێكی مشتومڕ لەسەر نەبێت، فراكسیۆنەكانی پاڵپشتی لە حكوومەتی سەربەخۆكان دەكەن، بەڵێن بدەن بە فەراهەمكردنی ئامرازەكانی بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی كارا و مسۆگەری جیاكردنەوەی تەواو لە نێوان كاری زۆرینەی سیاسی و ئۆپۆزسیندا.

هەروەها ئامرازەكانی چاودێری لە سەرۆك لیژنەكانی پەرلەمان و هیتریش، لە رێگەی هەمواركردنی یاسای پەرلەمان و پێكهاتەكانی و پێڕەوی ناوخۆیی پەرلەمان و مسۆگەری سەربەخۆیی دەستە سەربەخۆ چاودێرییەكان و پێدانی دەسەڵاتی پیادەكردنی رۆڵی دەستووری و یاساییان لە چاودێریكردنی حكوومەت، ئۆپۆزسیۆنیش سەرۆكی لیژنەكانی لەسەر بنەمای پێوەری توانست و شارەزایی و پاكی دیاری دەكات.

هەڵبژاردنی سەركۆمار بەپێی پرەنسیپ و مەرجەكانی لە دەستووری عێراق باسی كراوە دەبێت، ئەندامە سەربەخۆكانی پەرلەمان و بزاوە تازە دروستبووەكان دووپات لە پێویستی ئەوە دەكەنەوە كە دەبێت بەرنامەی حكوومەت نەهێشتنی هەموو جۆرە دیاردەیەكی چەكداری و جێبەجێكردنی یاسا لەسەر هەمووانی تیادا بێت.

لەمڕۆوە دەستەی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ و بزاوە تازە دروستبووەكان دەست بە روونكردنەوەی دەستپێشخەرییەكە بۆ هێزە سیاسییەكان دەكات، سەربەخۆكان هیوایان وایە پڕۆژەكە قبووڵكراو بێت بۆ كۆتاهێنان بە داخرانی سیاسی و هەنگاونان بەرەو پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێز و كارا و پاڵپشتیكراو بۆ بنیاتنانی دەوڵەت و تێپەڕاندنی تەنگژەكان لە هەموو بوارەكاندا و چارەسەركردنیان. 

ئەمیر مەعمووری پەرلەمانتاری سەربەخۆ ئاماژەی كرد كە دەستپێشخەرییەكەی سەربەخۆكان ئەمڕۆ رای دەگەیەنن پاڵپشتی لە حكوومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی دەكات، لەگەڵ پاڵپشتیكردن لە بوونی رۆڵێكی كارا بۆ ئۆپۆزسیۆن، روونی كردەوە، ئەو هەنگاوە و هەڵوێستەی سەربەخۆكان دەكرێ ببێتە مایەی پێگەیاندنی پرۆسەی سیاسی و هەنگاونان بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی زۆرینە بە پەلە خواستی هاووڵاتییانی تیادا بێتە دی، كە لە رێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەدا داوای گۆڕانكاریان لە دۆخی عێراق كرد.  

مەعمووری ئاماژەی كرد كە زیاتر لە جارێك 40 پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق كۆ بوونەتەوە و گەیشتنە ئەو دەستپێشخەرییە بۆ كۆتاهێنان بە داخرانی سیاسی و هەنگاونان بەرەو دیاریكردنی سەركۆماری نوێ و سەرۆك وەزیران و حكوومەتەكەی.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل