گەنجێكی توركی بە شێوەیەكی كارەساتبار گیانی لەدەست دا، كاتێك لەگەڵ كچە خۆشەویستەكەی هەوڵی لاساییكردنەوەی دیمەنی فڕینی سەر كەشتییەكەی بەناوبانگی فیلمی تایتانیكیان دا، بەڵام كەوتنە ناو ئاوی دەریا.
فۆركان سیفچی و ماین دیناری خۆشەویستی، كە هەردووكیان تەمەنیان 23 ساڵە، كەوتنە ناو ئاوی دەریای ئیزمیت لە توركیا، ئەوەیش دوای ئەوەی هەوڵیان دا لاسایی دیمەنی فڕینی سەر كەشتی تایتانیك بكەنەوە، ئەو فیلمەی لەلایەن لیۆناردۆ دی كاپریۆ و كیت زینسلت نواندنی بۆ كرابوو.
رۆژنامەی "دەیلی ستار"ی بەرتانی دەڵێت، ئەو دوو خۆشەویستە لە گەشتێكی راوكردن كحوولیان دەخواردەوە، بۆ وێنەگرتنێكی هاوشێوەی فیلمەكە چوونە سەر لێواری دەریاكە، بەڵام تووشی كارەسات هاتنەوە و هەردووكیان كەوتنە ئاوی دەریاكەوە، كۆمەڵێك راوچی كە لە نزیك ئەو ناوچەیە بوو، بە پەلە ویستیان رزگاریان بكەن، توانیان كچەكە رزگار بكەن، بەڵام كوڕەكە لە قووڵایی دەریاكەدا ون بوو.
دوای ئەوە تیمێكی تایبەتی مەلەوانزان لە شوێنی رووداوەكە بەدوای تەرمی كوڕەكە گەڕان و دوای دوو سەعات گەڕان لە ناو ئاودا، تەرمەكەیان دۆزییەوە، كچەكەیش بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە.
لە لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس و بە پشتبەستن بە كامێرای چاودێری لە ناوچەكە، دوایین ساتەكانی بەیەكەوەبوونی ئەو دوو خۆشەویستە دەركەوت، كە لەسەر سەكۆی لێواری دەریاكە دانیشتوون و راوە ماسی دەكەن، كچەكە بە پۆلیسی گوت كە وایان زانیوە شتێكی پێكەنیناوییە ئەگەر لاسایی ئەو دیمەنەی تایتانیك بكەنەوە، بەڵام ئەوان هاوسەنگیی خۆیان لەدەست دا و كەوتنە ناو ئاوی دەریاكەوە.