گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەشتی حەسارۆك خێرا دەكرێت

:: AM:09:17:19/05/2022 ‌
بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بە هەشتی حەسارۆك بەخێرایی، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، چەند پارچە زەوییەكی دەفرۆشێت، پارەكەش بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو كەرتە خەرج دەكرێت.

دوێنێ‌ دیوانی‌ ئەنجوومەنی‌ وەزیرانی‌ هەرێمی‌ كوردستان، نووسراوێكی‌ فەرمی‌ لەبارەی‌ زەوییەكانی‌ هەشتی‌ حەسارۆك ئاراستەی‌ وەزارەتی‌ شارەوانی‌ و گەشتوگوزار كردووە و تێیدا داوا دەكات، بە زووترین كات خزمەتگوزاری‌ بگەیەننە ئەو زەوییانە.

بۆ خێرا گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هەشتی حەسارۆك، بڕیارە ڕۆژی یەكشەم 29ـی ئایار لە سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر، لە ڕێی زیادكردنی ئاشكراوە فرۆشتنی چەند پارچە زەوییەك ڕابگەیەنرێت، هەر كەسێك ئارەزووی بەشداریكردنی هەیە، سەردانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بكات بۆ دانانی بارمتەی یاسایی بەڕێژەی 50% كەمتر نەبێت لە نرخی خەمڵێنراو. 

ئەو زەوییانە بریتین لە زەویی بازرگانی بە رووبەری زیاتر لە هەشت هەزار مەتر دووجا.

هەشتی حەسارۆك، ئەو گەڕەكە گەورە و ناودارەی هەولێرە كە هیچ خانوویەكی تێدا دروست نەكراوە و مۆڵەتی بنیاتنانی نەبوو، بەڵام پێشتر سەرۆك وەزیرانی كوردستان خۆی چووە سەر زەوییەكان و بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكانی دا. دواتر رێوشوێنەكان دەستی پێ كرد، بەڵام خاوەن زەوییەكانیش پەلەیانە.



وشە - رامیار جەواد