دۆخی كارەبای هاوین راگەیەنرا

:: AM:11:21:19/05/2022 ‌
وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، بۆ هاوینی ئەمساڵ چەند وێستگەیەكی كارەبا دەكەوێتە كار، بۆیە دۆخی كارەبای ئەم هاوینە لە ساڵی پار باشتر دەبێت نەك خراپتر.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19ـی ئایار، كەمال محەمەد وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبادا، ئێستە توانای بەرهەمهێنانی سێ‌ هەزار و 400 مێگاوات كارەبایان هەیە.

زیاتر گوتی، بۆ باشتربوونی دۆخی كارەبا و پڕۆژەی نوێ‌، ئێستە پڕۆژەیەكی كارۆئاوی لە دێرەلووك هەیە كە توانای دابینكردنی 38 مێگاوات كارەبای هەیە،  پێشبینی دەكەین لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا بكەوێتە كار، لەگەڵ 45 مێگاوات كارەبای وێستگەی تاسڵووجە، سێ وێستگەی 29 مێگاواتی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆكدا دەكەونە كار، لە مانگی ئەیلوولدا وێستگەی بازیان 500 مێگاوات دەكەوێتە كار.

باسی لەوەش كرد، دەتوانین بڵێین بۆ هاوینی ئەمساڵ ئەگەر باشتر لە ساڵی پار نەتوانین كارەبا دابین بكەین، دۆخی كارەبا وەك ساڵی پار دەبێت.

ئەو گوتانەی وەزیری كارەبا لە كاتێكدایە، ئێستە ڕۆژانە 19 سەعات كارەبای نیشتمانی هەیە، پێشبینی دەكرێت لە وەزری هاویندا پێدانی كارەبای نیشتمانی كەمتر بێتەوە.



وشە - رامیار جەواد