وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دەركرد كە لەمەودوا گەنمی جووتیار بە نرخی عێراق وەردەگرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 19ـی ئایار، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ بڵاوی كردووەتەوە، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی هاووڵاتییان و بە بازاڕكردنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران، بڕیارمان دا بە كڕینەوەی گەنمی جووتیاران لە دەرەوەی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆكانی هەرێمی كوردستان.
باسی لەوەش كردووە، بەپێی گرێبەستی نێوان وەزارەت و هەردوو كۆمپانیای "خۆشناو و قەیوان" كە پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران جێبەجێ دەكەن، نرخی هەر تۆنێكی گەنمی پلە یەك بۆ 850 هەزار دینار بەهەمان ئەو نرخەی كە لە سایلۆكانی عێراقە وەردەگیرێتەوە.
روونی كردووەتەوە، وەرگرتنەوەی گەنمی جووتیاران بەپێی جۆر و ستاندەری وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ دەبێت، هەروەها جووتیاران دەتوانن لە دوای پشكنین و وەرگرتنی گەنمەكانیان، پارەی شایستەی دارایی خۆیان راستەوخۆ وەربگرن.
لە بەشێكی نووسینەكەی وەزیری كشتوكاڵدا روونی كردووەتەوە، لە یەكی حوزەیراندا پرۆسەی وەرگرتن لە سایلۆكان لەلایەن هەردوو كۆمپانیای سەرپەرشتیاری پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنم دەست پێ دەكات. جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەتوانن گەنمەكانیان رادەست بكەن و ماوەی رادەستكردن 44 ڕۆژ دەخایەنێت و تا 14ی تەمووز بەردەوام دەبێت.