ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێت، هیچكات بەغدا مامەڵەیەكی باشی لەگەڵ هەرێم نەكردووە. دەڵێت، فرۆشتنی نەوت خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك هێناوە، ئەگەر ئابووری سەربەخۆ نەبوایە نەماندەتوانی مووچەش بدەین.
ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی ئایار، ئەكرەم ساڵح ئەندامی سەركردایەتی پارتی، بە "وشە"ی راگەیاند، پارتی لەوەتەی دامەزراوە و لە هەموو ئەو دانوستانانەی كە لە ساڵی شەستەكانەوە تا ئێستە كردوویەتی خاڵی سەرەكی ناكۆكی لەگەڵ حكوومەتە یەك لە دوایەكەكانی عێراق پرسی خاك و سنوور بووە، بۆیە پارتی خاكی كوردستان لەلای یەكێكە لە بابەتە سەرەكیی و ستراتیجییەكان كە هەمیشە داكۆكی لێكردووە و بەردەوامیش دەبێت لەسەری.
روونیشی كردەوە كە نەمبینیوە بەغدا هیچ مامەڵەیەكی باش لەگەڵ هەرێم بكات، بەپێچەوانەوە بەغدا لە رابردوو و لە ئێستەیش بەردەوام دەستووری پێشێلكردووە و ئامادەنەبووە مادە دەستورییەكانی هەرێم جێبەجێ بكات.
دووپاتی لەوەیش كردەوە كە هەرێم هەمیشە دەبێت پێگەی خۆی بەهێز بكات بۆ ئەوەی مافەكانی پێشێل نەكرێت، پرسی ئابووری سەربەخۆیش یەكێكە لەو خاڵانەی كە هەرێم هەوڵیداوە خۆبژێوی بكات و لەسەر خۆی بوەستێت.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی باسی لەوە كرد، ئابووری سەربەخۆ بووەتە هۆی ئەوەی پێویست نەبێت بە بەغدا، یان بەغدا نەتوانێت فشاری لێ بكات لەسەر پرسی خۆبژێوی یان ئابووری هەرێمی كوردستان، ئابووری سەربەخۆ بۆ هەرێم بابەتێكی تازەیە و هەرێم نەگەیشتووەتە كۆتایی لەو پرسە، بەڵام وەك قۆناغی یەكەم توانراوە نەوت دەربهێنرێت و هەناردە بكرێت و داهاتەكەی بدرێت بە مووچە.
" ئەوەی هەیە دەستكەوێتی زۆر باشبووە تا ئێستە، ئەگەر پەرە بە بواری نەوت و غاز بدرێت ئەوە دەبنە هۆی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، بەڵام بۆ ئێستەش ئەگەر نەوتمان بە دەستەوەنەبوایە هەرێمی كوردستان لە حەوت ساڵی رابردوو نەیدەتوانی مووچە بدات ئەوكاتەی بەغدا بودجەی هەرێمی بڕی" ئەكرەم ساڵح وای گوت.
لێدوانی ئەو بەرپرسەی پارتی لەكاتێكدایە كە تا ئێستەیش بەغدا بە سیاسەتی ئابووری سەربەخۆی كوردستان قەڵسە و بە هەموو شێوەیەك هەوڵدەدات كێشەی بۆ دروست بكات.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی