سیدەكان.. پارچه‌ شوێنه‌وارێكی گرنگ دۆزرایه‌وه‌

:: PM:09:53:27/03/2017 ‌
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم، لە شارەدێی سیدەكانی سەر بە شارۆكەی سۆران گۆزیەكی شوێنەواری دۆزرایەوە كە مێژووەكەی بۆ هەزاری یەكەمی بەر لە زاین دەگەڕێتەوە.

ئیحسان قادر بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان بە "وشە" ی راگەیاند "رۆژی 27ی ئاداری 2017 گۆزەیەك لە یەكێك لە زەویە كشتووكاڵیەكانی هاووڵاتییەك لە گوندی بەرچیخەی سەر بە شارەدێی سیدەكان دۆزرایەوە دوای ئاكادار كردنەوەی بەڕێوبەرایەتی شوێنەواری سۆران تیمێك بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری شوینەواری سۆران لە نزیكەوە سەردانی ئەو زەویەمان كرد كە گۆزەكەی لێ دۆزراوەتەو، بەپێی هەڵكۆڵین و پشكنینی تیمە شوێنەوار ناسیەكەی سۆران، ئەم گۆزەیە مێژووەكەی بۆ هەزاری یەكەمی بەر لە زاین دەگەڕێتەوە، دواتر تیمەكە گۆزەكەیان هەلگرتەوە و گوازرایەوە بۆ مۆزەخانەی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران".

زیاتر گوتی، گرنگی ئەم ناوچە شوێنەوارانە بۆ شارەدێی سیدەكان سەلماندنی ئەو ئەو راستیەیە كە بەدرێژای مێژوو ژیان لە دەڤەری برادۆست بەردەوامی هەبووە، هاوكات دەتوانرێ وەك ناوچەیەكی شوێنەواری گرنگ بناسرێت و بە جیهان نیشان بدرێت كە بە درێژایی مێژوو ژیان لەم ناوچەیەدا بەردەوامی هەبووە.

سیدەكان لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە شارۆكەی سۆران – پارێزگای هەولێرە، نزیكەی 35 كم لە سۆران دوورە، ساڵی 1932 بووەتە شارەدێ و كۆنترین شارەدێی پارێزگای هەولێرە و لە رووی جوگرافیاوە، سیدەكان گەورەترین شارەدێی سەر ئاستی كوردستانە و دەكەوێتە سێگۆشەی سەر سنووری نێوان وڵاتانی عێراق، ئێران – توركیا خاوەنی 250 گوندە، چەندین شوێنەواری گرنگ لە دەڤەرەكە بوونی هەیە و لەلایەن شوێنەوارناسان گرنگی شوێنەواری دەڤەرەكە سەلمێنراوە. 
سیدەكان: موڕشید برادۆستی


وشە - عه‌لی سدیق