كێشەی كۆمەڵایەتی سنووربڕە و پێوەستە بە بیركردنەوەی مرۆڤەكان، بە جیاوازیی كۆمەڵگە و وڵات و پیشە و ئاستی رۆشنبیرییەوە، بكوژ كەسێكی دەمارگیر و خۆرادەستكەری چركەیەك لە توڕەیی و زاڵبوونی سۆزداری بەسەر هۆشیاریەتی، قوربانییەكەیش كەسێكی لاواز، كە لە قۆناغێكدا هەڵەی بەرانبەر كراوە و بووەتە هۆی دروستبوونی كارەساتێك لە داهاتووی ژیانیدا، لە پاكستان دوو خوشك بەفیڵ لە ئەوروپا دەهێنرێنەوە و دەكوژرێن.
ویستوویانە لە هاوسەرەكانیان جیا ببنەوە و لە ئیسپانیا هاوسەرگیری بكەن
ئەنیسە عەباسی تەمەن 24 ساڵ و ئەرووج عەباسی تەمەن 21 ساڵ، دوو خوشكی ئیسپانی بە رەگەز پاكستانین، نەیانزانی گەشتەكەیان بەرەو شاری گۆجاراتی رۆژهەڵاتی پاكستان سەریان دەخوات و دوایین ساتەكانی ژیانیان لەوێ دەبێت و مەرگ چاوەڕوانیان دەكات، ئەوان بە فێڵ هێنرانەوە پاكستان و هەینی رابردوو لەلایەن هاوسەرەكانیانەوە بە گولە كوژران.
وەك بەرپرسی لێكۆڵینەوەی پۆلیس دەڵێت، تاوانەكە لەژێر ناوی پاككردنەوەی شەرەف ئەنجام دراوە، رۆژنامەی
"گاردیان"ی بەریتانی دەڵێت، ئەو دوو خوشكە بەهۆی گوشاری هاوسەرەكانیان بۆ سەر ماڵباتی دوو كچەكە، كە هاوكات ئامۆزایانن و ساڵی رابردوو بە زۆر و بۆ وەرگرتنی ڤیزەی ئەوروپا هاوسەرگیریان كردووە، ماڵباتەكانیان داوایان لێ كردوون یارمەتی هاوسەرەكانیان بدەن.
كێشەكە ئەوە بووە كە ئەو دوو خوشكە داواكەیان رەت كردووەتەوە و ویستوویانە لە هاوسەرەكانیان جیا ببنەوە و جارێكی تر لە ئیسپانیا هاوسەرگیری بكەن، بەڵام دوای گەڕانەوەیان بۆ پاكستان كوژران، ئێستەیش دەسەڵاتدارانی پاكستان شەش پیاویان بەو هۆیەوە گرتووە، كە بریتین لە دوو هاوسەرەكە و مامێكیان و دوو برایان و كەسێكی تریش.