بێجگە لە خۆڵبارین چیتر دێت؟

:: PM:10:46:25/05/2022 ‌

هاوینی ئەمساڵی عێراق جیاوازە، جیا لە كێشە پێشبینیكراوەكانی وەك كەمیی كارەبا و ئاو و نەبوونی بودجە و دامەزراندن و بێكاری و هەڵاوسان، گۆڕانكاریی كەشوهەوا سوپرایزی تری بۆ عێراق ئامادە كردووە، پێشبینییەكان بۆ یەكەم هەفتەی مانگی داهاتوو ئاماژە بۆ شەپۆلێكی گەرمای بەرز دەكەن.
زۆرینەی ناوچەكانی عێراق دەگرێتەوە
واسق سەلامی، پێشبینیكاری كەشوهەوا لە پۆستێكدا نووسیویەتی، پێشبینی دەكرێت لە یەكەم هەفتەی مانگی حوزەیرانی داهاتوو، بارستەیەكی هەوای بیابانی گەرم بەسەر ئاسمانی عێراقدا زاڵ ببێت، كە هاوكاتە لەگەڵ درێژبوونەوەی بەرزە پاڵەپەستۆیەكی هەوا لە چینە بەرزەكانی ئاسمان.

وەك ئەو پێشبینیكارە ئاماژەی بۆ دەكات، لە زۆرینەی ناوچەكانی عێراق بەو هۆیەوە گۆڕانكارییەكی دیاری پلەكانی گەرمی روودەدات و پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە.

عێراق یەكێكە لە پێنج وڵاتی ناوچەكە كە ماوەیەكە كەوتووەتە ژێر كاریگەریی چەند شەپۆلێكی خۆڵبارین، تەنیا لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا دوو شەپۆلی فرەوانی خۆڵبارین عێراقی بە هەرێمی كوردستانیشەوە گرتەوە، وای كرد پشوو بێتە راگەیاندن و تەواوی جموجۆڵەكانی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان پەكی بكەوێت.

شارەزایان لەبارەی زیادبوونی خۆڵبارین، كە پێشبینی دەكرێت بۆ ئەم هاوینە بە شێوەیەكی پچڕ پچڕ بەردەوام بێت، هۆكارەكەی بۆ گۆڕانكاریی كەشوهەوا و كەمیی باران و ئاو و رووبەری بە سەوزایی داپۆشراو و پشتێنەی دار و درەخت و زیادبوونی بە بیابانبوون دەگەڕێننەوە، بەشێكیش دەڵێن تێكدانی زەوییە كشتووكاڵییەكان و كردنی بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون، هۆكارێكی تری ئەو خۆڵبارینەیە كە رێژەی سەوزایی كەم كردووەتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل