راهێنەری تەندروست، وەرزشێکی تەندروستت بۆ دابین ده‌كات

:: PM:02:02:05/06/2022 ‌
* تاڵیب عه‌زیز


"ئەگەر دەتانەوێت وەرزشێکی تەندروستمان هەبێت، رێز لە راهێنەران بگرن و رێزیان بۆ بگەڕێننەوە"

کێشە گەورەکەی تۆپی پێ لە کوردستان ئه‌وه‌یه‌ راهێنەری شایستەمان نییە، یان باشتر بڵێم، ئەو راهێنەرانەی تیپەکان وەردەگرن لە جیاتی سوودبینین، زیان بە وەرزش و وەرزشوانان دەگەیەنن.

 یانەکان بە دوای راهێنەرێکدا ناگەڕێن یاریزانی لێهاتوو و خاوەن کەسایەتی دروست بکات و رێز لە خودی راهێنەره‌كه‌ و یانەکە و دەوروبەری بگرێت، بەڵکو گرنگترین شت لای ئەوان راهێنەرێک بێت بتوانێت یاریزان کۆبکاتەوە و خۆبەخشانە کار بکات، ئەگەر هاتوو لە گیرفانی خۆیشی خه‌رجی دابین بكات، ئەوە هەر زۆر باشە، چونکە لای ئەوان (دەستکەوتی کاتی زۆرگرنگترە لە دوارۆژێک، كه‌  کەس نازانێت چی روودەدات).

بۆیە من بە وانە دەڵێم، كه‌ دەڵێن کورد راهێنەر و یاریزانی باشی نییە، ئێوە خۆتانن بە دوای کەسی ناشایستەدا دەگەڕێن، هەم خۆتان هەم یاریزان و وەرزشی کوردستانیش بەرەو هەڵدێر دەبەن.
 
ئەوەی ئێوە دەیکەن، بەسەر خۆتاندا دەشکێتەوە، ئەو یاریزانەی بەبێ رێزی گەورە دەبێت، پێش هەموو کەس بێڕێزی بەرانبەر خۆتان دەکات، ئینجا خەڵکی تر، لە ئەنجامیشدا کەس سوودمەند نابێت، ئەگه‌ر سوودێكیشی هه‌بێت، ئه‌وان كاتییه‌ و كۆتایی دێت.

بۆیە من ئامۆژگاریم بۆ یانەکان ئەوەیە، ئەگەر دەتانەوێت وەرزشێکی تەندروستمان هەبێت، پێش ئەوەی خۆتان یاریزان و یانەکەشتان لەناو ببەن، راهێنەری خاوەن کەسایەتی بێنن و رێز لە راهێنەران بگرن و رێزیان بۆ بگەڕێننەوە.

* وه‌رزشوانی دێرینی هه‌ولێر 



وشە - وشه‌