دوای 16 ساڵ هاوسەرگیری تووشی شۆك بوو

:: PM:07:20:12/06/2022 ‌

پیاوێكی چینی دوای 16 ساڵ و دوای ئەنجامدانی پشكنینی باوكایەتی بۆی دەركەوت سێ كچەكەی هی خۆی نین، بۆیە ئێستە دەیەوێ لە هاوسەرەكەی جیا ببێتەوە، وەك رۆژنامەی "ساوس چاینا مۆرنینگ پۆست"ی چینی بڵاوی كردەوە. 

"چین"، پیاوێكی 45 ساڵییە و لە ساڵی رابردووەوە گومانی كەوتووەتە سەر "یو"ی هاوسەری، ئەو ماڵباتە لە هەرێمی جیانگشی لە رۆژهەڵاتی چین دەژین، بۆ دابینكردنی خەرجی و بژێوی خێزانەكەی لە شارێكی تر كاری كردووە، بە بەردەوام بەتەلەفۆن لەگەڵ هاوسەرەكەی قسەی كردووە، بەڵام هاوسەرەكەی خۆی لێ دزیوەتەوە، بۆیە گومانی لا دروست بووە و چاودێری كردووە.
ژنەكە: فێڵم لە هاوسەرەكەم نەكردووە و باوكایەتی بایۆلۆجی گرنگ نییە
لە سەرەتای ئاداری رابردوو چاودێری ژنەكەی كردووە كە بەرەو هوتیڵێك لە رۆژهەڵاتی چین رۆیشتووە، لەوێ لەگەڵ پیاوێكی تری بینیوە، ئەگەرچی لێی خۆش بووە، بەڵام بڕیاری داوە پشكنینی هاوتابوونی جینیی باوكایەتی بۆ منداڵەكانی بكات، دوای دەركەوتنی ئەنجامەكان بۆی دەركەوت كە ئەو سێ كچەی بەخێویان دەكات هی خۆی نین، وەك ماڵپەڕی "یاهو نیوز"، باسی كردووە.

چین بە رادیۆ و تەلەڤزیۆنی جیانگشی گوتووە كە هیچ لە منداڵەكانی لەو نین، دوای دەركەوتنی ئەنجامەكانیش "یو"ی هاوسەری ون بووە و ئەویش هەوڵی داوە بیدۆزێتەوە، كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی چینی توانی بە تەلەفۆن پێوەندی بە ژنەكەوە بكات، ژنەكە گوتوویەتی، ئەو فێڵی لە هاوسەرەكەی نەكردووە و باوكایەتی بایۆلۆجی گرنگ نییە.  

ئەو دەڵێت، هاوسەرە نەزۆكەكان بە بەردەوام منداڵی تر بەخێو دەكەن، ساڵانێكە ئەو سێ منداڵە بەویان گوتووە باوكە، كەچی ئێستە دەڵێت باوكیان نییە، بۆیە جیاوازی لە نێوان ئەو و ئاژەڵدا چییە؟.

پارێزەری چین دەڵێت، توانای وەرگرتنی جیابوونەوەی لە ژنەكە هەیە و یاسا رێگەی پێ دەدا بۆ داوای قەرەبووی مادی لەبری ئەوەی لە كچەكانی خەرجی كردووە، جیا لە قەرەبووی زیانە دەروونییەكانی پێی كەوتووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل