داهاتی ئەمساڵی رۆناڵدۆ 87 ملیۆن یۆرۆ بووە

:: AM:11:22:29/03/2017 ‌

رۆژنامەیەكی فڕەنسی ریزبەندی ئەو یاریزانانەی بڵاو كردەوە كە لە وەرزی ئەمساڵی 2016-2017 زۆرترین قازانجیان هەبووە و و داهاتییان كۆ كردووەتەوە.

رۆژنامەی (فڕانس فوتباڵ) لە ریزبەندییەكەیدا ناوی 5 یاریزان و راهێنەری هێناوە كە لە وەرزی ئەمساڵی تۆپی پێدا زۆرترین داهاتییان كۆ كردووەتەوە، لە ریزبەندییەكەدا ناوی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگال و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە ریزی یەكەم دێت.

 بەگوێرەی رۆژنامەكە داهاتی ئەمساڵی رۆناڵدۆ برێتی بووە لە 87.5 ملیۆن یۆرۆ كە ئەمەش زۆرترین داهاتە بەبەراورد لەگەڵ سەرجەم یاریزانانی تۆپی پێ لەسەرتاسەری جیهان.

لە ریزی دووەم ناوی لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی دێت كە داهاتەكەی 78.5 ملیۆن یۆرۆ بووە.

لە ریزی سێیەم نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی لە یانەی بەرشەلۆنە دێت كە داهاتەكەی 55.5 ملیۆن یۆرۆ بووە، دوای ئەویش گاریس بێڵی ئەستێرەی ویڵزی دێت لە یانەی ریال مەدرید كە داهاتەكەی 41 ملیۆن یۆرۆیە، لە ریزی پێنجەمیش ناوی ئیزیكێل لاڤێتزی هێرشبەری ئەرجەنتینی لە یانەی هیبی شینا فرۆشنی چینی دێت كە داهاتەكەی 28.5 ملیۆن یۆرۆ بووە.

سەبارەت بە راهێنەرانی تۆپی پێش داهاتی جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی لە یانەی مانچستەر یونایتد زۆرترین داهات بووە كە 28 ملیۆن یۆرۆیە، دوای ئەویش مارسێلۆ لیپی ئیتاڵی دێت كە ئێستا راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی چین دەكات بە داهاتی 23.5 ملیۆن یۆرۆ، دوای ئەوانیش پیپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی و كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی و ئەنتۆنیۆ كۆنتی راهێنەری یانەی چێڵسی ئینگلیزی دێن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م