ئەو داهێنەرانەی بەبێ قسەكردن دنیایان هێنایە پێكەنین

:: AM:11:51:18/06/2022 ‌
كۆمیدیا لە شانۆ و تەلەڤزیۆن و سینەما لە دنیادا زۆرترین بینەری هەیە، دەیان ئەكتەری كۆمیدی لە دنیادا هەن كە لەو بوارەدا بوونەتە ئەستێرە. بەڵام لەناویاندا سێ ئەكتەر هەن تەنیا بە جووڵە كۆمیدییەكانیان بەبێ ئەوەی یەك وشە بدركێنن، دنیایان هێنایە پێكەنین. پێگەی "فەرفیش"ی میسری هەواڵێكی لەبارەی ئەو سێ ئەكتەرە جیهانییە بڵاو كردووەتەوە.

چارڵی چاپڵن كە لە دنیادا بە گەورەترین ئەكتەری كۆمیدی دەناسرێتەوە، لە سەرەتاكانی سەدی بیستەم لەو بوارەدا بووە ئەستێرە و تا ئێستەیش لاسایی جووڵە كۆمیدییەكانی ئەو داهێنەرە دەكرێتەوە. خاوەنی دەیان فیلمی بێدەنگە. لەناو سەرجەم فیلمەكانیدا بەبێ ئەوەی یەك وشە بدركێنێت، بینەرەكانی هێناوەتە پێكەنین، جیالەوەی تەواوی فیلمەكانی ئامانجدارن.

چارڵی چاپڵن كە لە 16ی ئەپریلی 1889 لە لەندەن لە دایك بووە، بە هەژاری ژیانی بردووەتەوە سەر تا ئەوكاتەی خۆی لە بواری نواندندا بینیوەتەوە. ئەو جیا لە فیلمەكانی كە سەرجەمیان كۆمیدین، هاوكات دەیان نامەی ماستەر و دكتۆرا لەسەر فیلمەكان و جووڵە كۆمدییەكانی ئەو داهێنەرە هێنراون. هاوكات چەندان كتێبی لەبارەوە بڵاو كراونەتەوە كە بۆ چەندان زمان وەرگێڕاون.

مستەر بینیش داهێنەرێكی ترە كە بێ ئەوەی یەك وشەش بدركێنێ، زنجیرە درامایەكی كۆمیدیی درێژی بڵاو كردووەتەوە كە تەنیا بە جووڵە كۆمیدییەكانی دنیای هێناوەتە پێكەنین. ئەو ئەكتەرە كۆمیدییە ناوی راستینەی "روان ئەتیكنسۆس"ـە و لە كاری هونەریدا بە مستەر بین ناسراوە.

مستەر بین كە لە ساڵی 1955 لە بەریتانیا لە دایك بووە، ئەندازیاریی كارەبای لە زانكۆی نیوكاسل تەواو كردووە و دوای ئەویش ماستەری وەرگرتووە، دوای تەواوكردنی خوێندنەكەی، چووەتە دنیای نواندن كە پێشتر تەنیا ئارەزووی خۆی بووە. پێشتر لە چەند بەرنامەیەكیكۆمێدی بەشداریی كردووە، هاوكات لە چەند شانۆگەرییەكیشدا بەشدار بووە كە ئەوانە بۆ ساڵانی هەشتاكان دەگەڕێتەوە.

ئەوەی مستەر بینی لە هەموو دنیادا ناساند، ئەو زنجیرە درامایە بوو بەناوی "مستەر بین" لە ساڵی 1990دا بڵاو بووەوە، بۆ ئەوكات 18 ملیۆن بینەری هەبوو، دوای ئەوەیش كە هەمان زنجیرە لە تەلەڤزیۆنەكانی دنیا بڵاو بووەوە، بینەری مستەر بین سەتان ملیۆنی تێپەڕاند و بووە یەك لە ئەكتەرە زۆر ناودارەكانی دنیا لە بواری كۆمیدیدا. لە تەواوی زنجیرەكە مستەر بین یەك وشەیش نادركێنێت.

خابی لامیش سێیەم ئەكتەری دنیایە كە بێ ئەوەی یەك وشە بدركێنێ، هەموو دنیای هێناوەتە پێكەنین، بەوەیش چووەتە ریزی چاپڵن و مستەر بین. خابی لام ئەكتەرێكی ئیتاڵییە، بێ ئەوەی لەڕێی تەلەڤزیۆن یان سینەمادا خۆی دەربخات، تەنیا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی كردووەتە سەرچاوە بۆ بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆكانی.

خابی لام بۆ بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆكانی، تەنیا مۆبایلەكەی بەكار هێناوە و جووڵەی سەیری كۆمیدی پێشانی بینەرانی دەدات، بە جووڵەی دەست و چاو و رووخساری بێ ئەوەی یەك وشەش بڵێت، بینەر دەخاتە پێكەنین. ئەویش ئێستە لە دنیادا سەتان ملیۆن بینەر چاوەڕێ گرتەكانی دەكەن.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د