تووشبوون بە سكچوون گەیشتە لووتكە

:: AM:10:07:19/06/2022 ‌
تووشبوون بە سكچوون و ڕشانەوە لە سنووری سلێمانی گەیشتە لووتكە. پزیشكێكیش رای دەگەیەنێت، پێشبینی دەكرێ‌ لە هەفتەی داهاتوو ئاستی تووشبوون كەم ببێتەوە.

ماوەی 25 ڕۆژە شەپۆلێكی سكچوون و ڕشانەوە لە سنووری سلێمانی بڵاو بووەتەوە، سەرجەم بۆچوونەكانیش هۆكاری ئەو شەپۆلی سكچوون و رشانەوەیە بۆ ئاوی پیس دەگەڕێننەوە. پزیشكێش دەڵێت، هاووڵاتییان هۆشیار بوونەتەوە و پێشبینی دەكرێ‌ هەفتەی داهاتوو كاریگەریی كەمتر بێتەوە.

ئەو شەپۆلی سكچوون و ڕشانەوەیە ئێستە لە لووتكەدایە
ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی حوزەیران، دڵشاد مامەسێنی پزیشكی منداڵان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەو شەپۆلی سكچوون و ڕشانەوەیە ئێستە لە لووتكەدایە، پێشبینی دەكرێ‌ لە هەفتەی داهاتوو كاریگەریی كەمتر بێتەوە.

زیاتر گوتی، ئەو بەكتریایە بۆیە كاریگەریی زیاتر لەسەر منداڵە، چونكە ئاستی بەرگریی جەستەی لاوازترە و پابەندبوونی بە ڕێنوێنی خۆپارێزی، كەمترە بە بەراورد بە كەسێكی پێگەیشتوو.

باسی لەوەش كرد، ئێستە هۆشیاریی هاووڵاتییان هەیە لەسەر ئەو بابەتە، زۆر لە سەرچاوەی ئاوی پیسبووی خواردنەوە لەو شوێنانەی ئەو پەتایەی تێدا بڵاو بووەتەوە داخران، بۆیە پێشبینی دەكرێ‌ هەفتەی داهاتوو ڕێژەی تووشبوون كەم ببێتەوە.

سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، لە ماوەی شەش رۆژی رابردوودا نزیكەی چوار هەزار حاڵەتی تووشبوون بەنەخۆشی سكچوون و رشانەوە لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی خەوێنراون و حاڵەتی قورسیشیان تێدایە، خۆشبەختانە لە نەخۆشخانەكان چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.



وشە - رامیار جەواد