یەك گۆڕانكاری لە ژیانت تەمەن درێژ دەكات

:: PM:06:59:19/06/2022 ‌

رەنگە پرسیار لە هەر كەسێك بكەیت مەبەست لە ژیان چییە؟، بۆی هەیە بێ دوودڵی بڵێ خۆشگوزەرانی، بەڵام ئاخۆ خۆشگوزەرانی لە چیدایە؟، بەشێك باسی پارە و بەشێكی تر باسی ئارامی و ئاشتەوایی و گونجانی ناو خێزان، هیتریش باسی تەندروستی باش دەكەن، بەڵام بە شێوەیەك لە شێوەكان ئەوانە هەمووی بەرەو تەمەندرێژی دەچن، بەڵام ئەو چۆن دێتە دی؟
بابەتەكە زیاتر پێوەندی بە حاڵەتی تەندروستی و كێشی لەشەوە نییە، بەڵكو بە سەعاتی بایۆلۆجی لەشەوە هەیە
تیمێكی زانایان لە میانەی توێژینەوەیەكی نوێدا گەیشتنە رێگایەك بۆ درێژكردنی تەمەن، كە سیحر و جادوو نییە، بەڵام گۆڕانكارییەكی ئاساییە لە شێوازی ژیانت و كاریگەری لەسەر تەندروستی و درێژبوونی تەمەن تا ئاستی سێیەك هەیە، زانایان دەڵێن خۆپاراستن لە ژەمێكی ئێوارانی قورس لە كاتێكی درەنگانی شەودا، هەروەها كەمكردنەوەی بڕی كالۆرییەكانی وەری دەگریت، ناوەندی تەمەنی پێشبینیكراو بە بڕی سێیەك زیاد دەكات.

زانایان دەڵێن تۆ دەتوانی بە خشتەی ژەمەكانی رۆژانەتدا بچیتەوە و هەردوو ژەمی بەیانیان و نیوەڕۆیان بكەیتە دوو ژەمی سەرەكی و قورس، لەوكاتەی ژەمی ئێوارانت سووك بێت، هەروەها گۆڕینی كاتی ژەمەكان رەنگە هەوكردن بەهۆی پیری لەناو ببات، جیا لەوە سنوورداركردنی ئەو كالۆرییەی وەریان دەگریت، تەمەن درێژ دەكەن.

زانایان دەڵێن ئەو بابەتە پێوەندی بە حاڵەتی تەندروستی و كێشی لەشەوە نییە، بەڵكو زیاتر پێوەستە لە سەعاتی بایۆلۆجی لەشی مرۆڤ و رێكخستنەوەیەتی.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل