10 نیشانەی زووی تووشبوون بە ئەلزەهایمەر

:: PM:11:50:20/06/2022 ‌

ئەلزەهایمەر، جۆرێكە لە خەڵەفان، كار دەكاتە سەر بیرهاتنەوە و بیركردنەوە و مێشكی مرۆڤ، بە هەنگاو دەست پێ دەكات تا دەگاتە حاڵەتێكی توند كە ژیانی رۆژانە پەك دەخات، رەنگە وا بزانرێت نەخۆشی پیرەكانە، راستییەكەی پێوەست نییە بە تەمەن و دەكرێت وەك ئەلزەهایمەری پێشوەخت ببێتە مێوانی هەر كەسێك، بەڵام چۆن دەزانی تۆ یەكێكیت لەوانەی ئەگەری تووشبوونت هەیە؟
هۆكاری 60 بۆ 80%ی حاڵەتەكانی خەڵەفانە
ئەلزەهایمەر هۆكاری 60 بۆ 80%ی حاڵەتەكانی خەڵەفانە، دەستەواژەیەكە مانای لەدەستدانی یادەوەری و تواناكانی مێشك دەگەیەنێت، بەپێی كات پەرە دەستێنێت، بەڵام سەرەتاكانی بە لەدەستدانی یادەوەری سووك دەست پێ دەكات و لە كۆتاییەكەیش ئەو كەسە توانای قسە و دایەلۆگی لەگەڵ كەسانیتر و كارلێككردن لەگەڵ ژینگەكەی لەدەست دەدات، ئەوان چوار بۆ هەشت ساڵ لەدوای دەستنیشانكردنی حاڵەتەكە دەژین، هەندێك جاریش دەگاتە 20 ساڵ.

لە نیشانەكانی ئەلزەهایمەری زوو:

*لەبیركردنی شتە گرنگەكان، بەتایبەتی زانیارییە نوێ و مێژووە گرنگەكان.

*داواكردنی هەمان زانیاری بۆ چەندجارێك.

*بوونی كێشە لە چارەسەركردنی كێشە سەرەكییەكان. 

*لەبیركردنی كات و مێژوو.

*نەزانینی شوێنەكەت و چۆن گەیشتوویتە ئەوێ.

*كێشە لە تێگەیشتنی شتەكان و بینیان.

*كێشە لە چوونە ناو گفتوگۆكان یان دۆزینەوەی وشەی گونجاو بۆ قسەكردن.

*دانانی شتەكان لە شوێنی هەڵە و بێتوانایی لە دۆزینەوەیان.

*پاشەكشەكردن لە كار و چالاكییە كۆمەڵایەتییەكان.

*گۆڕانكاری لە میزاج و كەسایەتی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل