پێوەندی نەخۆشییەكانی شەكرە و دڵ و تووشبوون بە ئەلزەهایمەر چییە؟

:: PM:07:23:21/06/2022 ‌

نەخۆشییە درێژخایەنەكان زۆرن، جیا لەوەی بەتەنیا كاریگەری جیاوازی نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەكەن، جاری وا هەیە تێكهەڵكێشی لە نێوانیاندا دروست دەبێت، یان یەكێكیان دەبێتە ئاسانكاری بۆ تووشبوون بەوانی تریش، بە كورتی گەلەكۆمە دەكەن و مرۆڤ سەرگەردان دەكەن، توێژینەوەیەك ئاماژە دەكات كە نەخۆشی شەكرە و كێشەی دڵ، مەترسی تووشبوون بە ئەلزەهایمەر زیاتر دەكەن.
ئەلزەهایمەر، واتە چەندان حاڵەتی پێوەست بە گۆڕانكاری لە مێشك
رۆژنامەی "ئیندیپێندنت"، لە ژمارەیەك زانای گواستەوە كە گرنگیدان بە تەندروستی مرۆڤ لە كاتێكی زووی تەمەندا، بەشێوەیەكی بەرچاو تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان لە تەمەنێكی دیاریكراو كەم دەكاتەوە، بۆ نموونە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە كە پێوەستە بە قەڵەوی، پێوەندی بە تووشبوون بە رەقبوونی خوێنبەرەكان و شكستی فەرمانی دڵ و ناڕێكیی لێدانی دڵ و سەكتەی مێشكەوە هەیە. 

ئەبیگیل دۆڤ، توێژەر لە پەیمانگەی كارۆلینسكا لە ستۆكهۆڵم دەڵێت، كەم لە توێژینەوەكان باسی چۆنیەتی كاریگەری ئەو نەخۆشیانەیان لەسەر تووشبوون بە خەڵەفان كردووە، بۆیە ویستمان ئەوە روون بكەینەوە، دەركەوت كۆمەڵەی نەخۆشییەكانی پێوەست بە شەكرە، نەخۆشییەكانی دڵ و سەكتەی مێشك، زیاترین كاریگەری خراپیان بۆ سەر فەرمانی تێگەیشتنی مێشكەوە هەبووە، بۆیە پێویستە لە ناوەڕاستی تەمەنەوە كار بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بەو نەخۆشیانە بكرێت.  

شایەنی باسە نەخۆشی ئەلزەهایمەر، شێوە هەرەبڵاوەكەی خەڵەفانە، دەستەواژەیەكی فرەوانی چەندان حاڵەتی پێوەستە بە گۆڕانكاری لە بیرهاتنەوە و بیركردنەوە و وەرگرتنی بڕیار لەلایەن مێشكەوە، كە لە كۆتاییدا كار دەكەنە سەر ژیان و توانای كاركردن و هەڵكردنی مرۆڤ لەگەڵ دەوروبەرەكەیدا.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل