پەكەكە چۆن دەیانپارێزێت.. پلانی بۆ خەڵكی باشوور چییە؟

:: PM:09:29:21/06/2022 ‌

پەكەكە بزاوێكی نێونەتەوەیی و چەپ و سەربازی و باوەڕ بە چەك و سنووربڕ و هیتریشە، كەچی لە راگەیاندنەكان باسی یەكسانی رەگەزی و دیموكراسی و ئازادییەكان دەكات، تا ئەو كات و سنوورەی ئەوانە لە بەرژەوەندی ئەجینداكانی بن، ددانیان پێدا دەنێت، زیاتر لەوە تا ئاستی لەناوبردن رووبەڕوویان دەبێتەوە، باكوری كوردستانی جێ هێشتووە و خەریكە پارچەكانیتری كوردستان تێك دەدات و دەیداتەوە دەستی دوژمنان، بەڵێنی پاراستن بەوان دەدات، بەتایبەتی باشووری كوردستان، بەڵام بەنیازی چییە و چیان بۆ دەكات؟ 

پەرلەمانتارانی كوردستان هۆشداری لە پلان و نیازەكانی پەكەكە دەدەن، باس لەوە دەكەن كە چیتر نابێت پەكەكە ببێتە مایەی دروستكردنی ئاڵۆزی و پشێوی لە هەرێمی كوردستان، داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكەن كە بڕیار بدات پەكەكە بچێتە دەرەوە و چیتر هەرێم وەك پارچەكانی تری كوردستان پەرتەوازە و وێران نەكا و نەیداتە دەست داگیركەران.
تەنیا زمانی هەڕەشە دەزانێت و هەڕەشەكانیشی تەنیا بۆ سەر كورد بووە
لەمبارەیەوە ئازاد ئەكرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی گوت، بە رای من حكوومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان بڕیارێك سەبارەت بە پەكەكە بدەن، وەك لایەنێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دانیشن و چەك دابنێن و كێشە دروست نەكەن. 

زیاتر گوتی، یان پەكەكە هێزی چەكداری خۆی لە هەرێمی كوردستان بۆ ناو خاكی توركیا بكشێنێتەوە، وەك چۆن كاتی خۆی پێشمەرگەی كوردستان چالاكیی سەربازی تەنیا لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان دەكرد، واتە كێشەی بۆ هیچ وڵات و كوردانی پارچەكانیتر و لایەنێكی كوردی لە توركیا و ئێران و سووریا دروست نەدەكرد.

لای خۆیەوە ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی گوت، لەوەتەی پەكەكە هەیە و دامەزراوە، وەك حزبێكی مافیایی تەنیا زمانی هەڕەشە دەزانێت و ئەو هەڕەشانەیشی تەنیا بۆ كورد بووە.

روونی كردەوە، پەكەكە بەخۆی دەڵێت هێزی پاراستنی گەل و دیموكراتی گەلان دەپارێزن،  كەچی لەوەتەی هەیە، بە سەرۆك و سەركردە و هێزی خۆی، لە رۆژئاوای كوردستان بوون و تا ئێستەیش هەزاران كوردی رۆژئاوا بێ ناسنامەی سوورینە و سەتان گوندی كوردی بە ناوی پشتێنەی تەناهییەوە تەعریب كران و رۆژانە رۆڵەی كورد لە پێش چاوی پەكەكە ئەشكەنجە دەدرێن، بۆیە هیچیان بۆ ئەو خەڵكە نەكرد، بەڵكو لە بەعسییەكان زیاتر دوژمنی كورد بوون.

"پاش ئەوەی شەڕی ناوخۆیی سووریا دەستی پێ كرد، پەكەكە رۆژانە هەڕەشەی لە توركیا دەكرد و دەیگوت توركیا بێتە باكوری سووریا، توركیا وێران دەكەین، كەچی كە لەشكری چووە ئەوێ عەفرین و سەری كانی و عەین عیسای رادەستی توركیا كرد، ئێستەیش  دووبارە هەڕەشە لە توركیا دەكات بۆ ئەوەی ئەوەی ماوە ئەویشی رادەست بكات"، ئیدریس ئیسماعیل ئەندامی پەرلەمانی كوردستان وای گوت.

دووپاتی كردەوە، پەكەكە هەمان سیناریۆ و فیلمی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە و دەڵێ با خەڵكی باشوور بڕوا بە ئێمە بێنن و لە سوپای توركیایان دەپارێزین، لێرەدا پرسیار ئەوەیە چۆن خەڵكی باشوور دەپارێزن؟، هەر وەك چۆن رۆژئاوای كوردستانیان پاراست.

ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە پەكەكە وازی لە خەباتی خۆی لە ناو خاكی توركیا هێناوە و یەك گوندی باكوری كوردستان لەگەڵ سیاسەتەكانیدا نین، تا ئێستە نەیتوانیوە تەنیا گوندێكیش رزگار  بكات، كەچی دەیەوێ باوەڕ بە خەڵك بێنێت كە حزبێكی رزگاركەرن، بەڵام راستی و نیازی ئەوان لای خەڵك روون و ئاشكرایە، چەندان سەركردە و لەشكری و سیاسی و ئەندام و لایەنگرانیشیان لە ناو كوردستان و لە ئەوروپا وازیان لەو حزبە هیناوە.

سلێمانی/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل