بڕیاری نوێ لەبارەی جووڵەی ترانزێت لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێم دەدرێت

:: PM:10:05:21/06/2022 ‌

بەمەبەستی ئاسانكاریی زیاتر بۆ ئەو بارانەی ترانزێتن و رۆژانە لە دەروازە سنوورییە نێودەوڵەتییەكانی هەرێم و وڵاتانی دراوسێ كاری بازرگانی دەكەن، بە پشتبەستن بەو دەسەڵاتانەی لەلایەن وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێم دراوەتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم، لەمەولا رێكخستنەوەی باشتر بۆ جووڵەی ترانزێت دەكرێت.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، بەپێی نووسراوێك كە ئەمڕۆ سێشەم ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی گومرگ كراوە، لە چوارچێوەی ئاسانكاریی ترانزێت، كە یەكێكە لە جووڵە گرنگەكانی بازرگانی و لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و رێكخستنەوە و ئاسانكاری زیاتری ئەو جووڵەیەدا، بە رەزامەندیی وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم، دەسەڵات بە گومرگی دەروازە  و بەڕێوەبەرایەتییەكان دەدرێت.

روونی كردەوە، ئەو دەسەڵاتە بەپێی رێنوێنییەكانی ترانزێتە، تا بتوانن كاری پێویست لەلای خۆیانەوە بۆ باری ترانزێت ئەنجام بدەن، بە پشتبەستن بە رێنوێنیی گومرگی ژمارە (7)ی ساڵی 2020، میكانیزمی تایبەت بە باری پلۆمكراو پیادە بكرێت، واتە بۆ ئەو بارهەڵگرانەی كە داخراون و دەرگەیان لە تەنیشت یان لە پشتەوە هەیە، بە پلۆمكراوی بنێردرێن و ژمارەی بلۆمەكە لەسەر مەنەفێست یان پسووڵەی (ئەلف 37)، بنووسرێت و چیتر پێویست ناكات نوێنەر لەگەڵ بارەكەدا بنێردرێت.
ترانزێت بۆ ئەو بابەتانە دەكرێت كە رەزامەندیان وەرگیراوە، بۆ بابەتی نوێیش پێویستە رەزامەندی وەربگیرێت
"هاوكات ئەو بارهەڵگرانەی كە فلاتن یان كراوەن، تا ژمارە (10) بارهەڵگر، تەنیا یەك نوێنەری گومرگ یان پۆلیسی گومرگی لەگەڵ بنێردرێت و دەبێت گشت سەرەتاكان بنێردرێتەوە بۆ گومرگی پێوەندیدار، ئەوەیش بەمەبەستی وردبینیكردن"، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم وای گوت.

دووپاتی كردەوە، هەر بەڕێوەبەرایەتییەك ترانزێت بۆ ئەو بابەت و كەلوپەلانە بكات كە پێشتر رەزامەندی بۆ درابێت، بەڵام بۆ هەر بابەتێكی نوێ پێویستە رەزامەندی گشتیی گومرگ وەربگیرێت، ئەویش لە رێگەی كردنی برووسكە بە ئیمەیڵ، ئەوەیشی خستە روو كە پێویستە هەموو ئەو رەسیدانەی پێشتر كراون سفر بكرێنەوە.

شایەنی باسە هەرێمی كوردستان خاوەنی چوار دەروازەی سنووری نێودەوڵەتییە و سیانیان لەگەڵ ئێرانە و یەكیان لەگەڵ توركیایە، كە رۆژانە چەندان ئۆتۆمبێلی گەورەی بارهەڵگر و تەنكەر و ترانزێت، لە نێوان هەرێم و دەرەوەدا كاروباری بازرگانی هاوردەكردن و بردنی كەلوپەل و پێداویستیی جیاواز و سەرەكییەكانی بازاڕ و هاووڵاتییان ئەنجام دەدەن.
 
پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل